رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی پەیوەندییەکانی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران دەڵێت، لە حەڤدەیەمین رۆژی گرژییە سەربازییەکانی نێوان ئێران و بەرەی ئیسرائیل و ئەمریکا، شەوی یەکشەممە، 145-3-2026، کاژێر 23:10 بە کاتی هەولێر، بارەگاکانی حیزبەکەیان کراوەتە ئامانجی هێرشێکی چڕی مووشەکی و درۆنیی ئێران.
عەلی رەنجبەری، بەرپرسی پەیوەندییەکانی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "لە هێرشەکەی ئەمشەودا، چوار مووشەک راستەوخۆ بەر بارەگاکانی کۆمەڵە کەوتوون، ئەمەش لە کاتێکدا بووە کە ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی سڤیل و بنەماڵەی ئەندامانی حیزب لەو شوێنەدا نیشتەجێ بوون".
عەلی رەنجبەری دەشڵێت، "سەرەڕای ئەوەی ناوچەکە بەر بارانی مووشەک و درۆن کەوتووە و زیانێکی ماددی زۆر بە دەوروبەری بارەگاکان گەیشتووە، بەڵام بەخۆشحاڵییەوە هیچ زیانێکی گیانی لە ریزەکانی ئێمە و بنەماڵەکاندا نییە".
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم هێرشانە "بەشێکن لەو گوشارە سیاسی و سەربازییانەی کە تاران دژی هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی کوردستانی ئێران پەیڕەوی دەکات".
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، بەرپرسی پەیوەندییەکانی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران دەڵێت، "ئەم کردەوانە ناتوانن ئیرادەی هێزی کۆمەڵە و ئازادیخوازانی کوردستان بۆ بەردەوامبوون لە خەبات لاواز بکەن".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ