رووداو دیجیتاڵ
سێ گەنجی خەڵکی سنووری سلێمانی ماوەی 18 رۆژە لە فڕۆکەخانەی سەبیحەی تورکیا گیریان خواردووە و باس لەوە دەکەن، دوای ئەوەی لە جۆرجیاوە دیپۆرت کراونەتەوە، بەهۆی داخرانی فڕۆکەخانەوە ناتوانن بگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان. ئەو گەنجانە رەخنە لە لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق دەگرن کە بەدەم کێشەکەیانەوە نەچوون و دەڵێن، "تەنانەت ئەگەر بە کەلەپچەکراویش بێت، تەنیا بمانگەڕێننەوە."
یەکێک لەو گەنجانە کە ناوی رابەر کەمالە و دانیشتووی سەیدسادقە چیرۆکی گەشتەکەیانی بۆ رووداو گێڕایەوە و گوتی، "ئێمە سێ گەنجی کوردین و خەڵکی سنووری سلێمانین، بە مەبەستی گەشتکردن چووینەتە تورکیا و لەوێشەوە بە ترانزێت بۆ جۆرجیا، بەڵام دەسەڵاتدارانی جۆرجیا رێگەیان پێنەداین بچینە ناو وڵاتەکەیانەوە، سەرەڕای ئەوەی ڤیزە، دڵنیایی گەشتکردن، بلیت و هۆتێلیشمان گرتبوو."
بەپێی گوتەی رابەر، دوای ئەوەی لە جۆرجیاوە دەگەڕێندرێنەوە بۆ تورکیا، هاوڕێیەکی دیکەشیان کە لە لوبنان بووە، دەچێتە لایان بۆ ئەوەی پێکەوە بە ترانزێت بگەڕێنەوە بۆ هەولێر، بەڵام رووبەڕووی کێشەیەکی دیکە دەبنەوە. ئەو گەنجە دەڵێت، "بلیتی گەڕانەوەمان بۆ کاژێر 11ی بەیانی 28ی شوبات بوو، بەڵام کاژێر 10 بەهۆی شەڕەوە فڕۆکەخانە داخرا و نەمانتوانی بگەڕێینەوە."
18 رۆژ بەبێ نان و شوێنی خەوتن
ئەو گەنجانە باس لە سەختیی دۆخی مانەوەیان لە فڕۆکەخانەکەی تورکیا دەکەن کە ماوەی 18 رۆژە تێیدا ماونەتەوە و ئاماژە بەوە دەکەن، "لەو بەیانییەوە تاوەکو ئێستا لێرەین، نە نانمان دەدەنێ، نە شوێنی خۆشۆردن و خەوتنمان هەیە، بە کورتی هیچ شتێک لێرە نییە."
وەک گەنجەکە باسی دەکات، ئیدارەی فڕۆکەخانەکە پێیان راگەیاندوون کە ناتوانن رێگەیان پێبدەن بگەڕێنەوە یان ڤیزەیان پێبدەن، تاوەکو لەلایەن وڵاتەکەی خۆیانەوە بە فەرمی ئیمەیڵیان بۆ نەکرێت بۆ ئەوەی رێوشوێنی گەڕانەوەیان بۆ رێکبخرێت.
"حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان هیچمان بۆ ناکەن"
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیاندا، گەنجەکان گلەیی لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەن و دەڵێن پەیوەندییان بە وەزارەتی دەرەوە و وەزارەتی ناوخۆی عێراق و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان و کۆنسووڵخانەکانەوە کردووە، بەڵام وەڵامێکی دڵخۆشکەریان نەدراوەتەوە.
رابەر کەمال ئاماژەی بەوە کرد، "بەداخەوە تەنیا ئەمڕۆ و سبەینێمان پێدەکەن. فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کوردستان پێمان دەڵێت، ناتوانین هیچتان بۆ بکەین. وەزارەتی دەرەوەی عێراقیش بەهەمان شێوەیە."
ئەو گەنجە دەڵێت، "هەموو ئەوەی ئێمە دەمانەوێت تەنیا گەڕانەوەیە. پێیان دەڵێین کاکە با هەر سێكمان پێکەوە کەلەپچە بکەن و لەگەڵ پۆلیس یان هەر کەسێکی دیکە بێت بماننێرنەوە، تەنیا بمانگەڕێننەوە، بەڵام هیچ کەسێک وەڵامی ئێمە ناداتەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ