فەرماندەی پۆلیسی ئێران: 500 کەسمان بە تۆمەتی هاوکاریی "دووژمن" دەستگیرکردووە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
سیروان عەباس
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
فەرماندەی گشتیی پۆلیسی ئێران رایگەیاند، 500 کەسیان بە تۆمەتی هاوکاریی "دووژمن" دەستگیرکردووە.
 
شەوی یەکشەممە، ئەحمەد رەزا رادان، فەرماندەی گشتیی پۆلیسی ئێران رایگەیاند، هێزەکانیان 500 کەسیان بە تۆمەتی "هاوکاریی دووژمن" و وێنەگرتن و بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی شوێنە بۆردوومانکراوەکان و ناوەندە ئەمنییەکان دەستگیرکردووە.
 
بە گوتەی فەرماندەی گشتیی پۆلیسی ئێران، لەو ژمارەیە 250 کەسیان وەک "دۆسیەی گرنگ" پۆلێن کراون، کە تێیاندا 20 کەسیان "دۆسیەی زۆر تایبەتن" و پەیوەندیی راستەوخۆیان لەگەڵ لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران هەبووە.
 
ئەحمەد رەزا رادان ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی دەستگیرکراوەکان کراون بریتین لە: "پێدانی زانیاری بە کەناڵی (ئێران ئینتەرناشناڵ) بە مەبەستی پێکانی ئامانجەکان، بوونی پەیوەندی لەگەڵ گرووپە ئۆپۆزیسیۆنەکان، وێنەگرتنی ئەو شوێنانەی لەلایەن دووژمنەوە پێکراون و ناردنی وێنە و ڤیدیۆکان بۆ دەرەوەی وڵات و هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی گشتیی وڵات."
 
فەرماندەی گشتیی پۆلیسی ئێران جەختی لەوە کردەوە کە لێکۆڵینەوەی ورد لەگەڵ دەستگیرکراوەکان بەردەوامە، بەتایبەت ئەو 20 کەسەی کە وەک دۆسیەی زۆر تایبەت و ستراتیژی مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە