رووداو دیجیتاڵ
گرووپی ئەسحابول کەهف کە سەر بە گرووپی موقاوەمەی ئیسلامییە لە عێراق، لە 16 رۆژدا بەرپرسیارێتیی 10 هێرشی لە ئەستۆ گرتووە کە 60%یان بۆ سەر هەرێمی کوردستان بوون. ئەو گرووپە نزیکەی شەش ساڵە پێکهێندراوە و نزیکە لە یەکێک لە هێزە شیعەکانی عێراق کە لە ئێرانەوە نزیکە.
بەرەبەیانی 15ی ئاداری 2026، گرووپی ئەسحابول کەهف بەرپرسیارێتیی دوایین هێرشی درۆنی لە ئەستۆ گرت کە کرایە سەر هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان.
ئەو گرووپە لەگەڵ گرووپێکی دیکە بە ناوی (ئەولیائودەم) بەرپرسیارێتیی زۆرترین ئەو هێرشانەی لە ئەستۆ گرتووە کە لە 28ی ئادارەوە کراونەتە سەر هەرێمی کوردستان.
لە 16 رۆژی رابردووی شەڕی ئێران لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکادا 316 هێرش بە درۆن و موشەک کراونەتە سەر هەرێمی کوردستان.
بەپێی بەدواداچوونی رووداو و بە پشتبەستن بە راگەیێندراوی گرووپی ئەسحابول کەهف، گرووپەکە لەو ماوەیەدا بەرپرسیارێتیی شەش هێرشی لە ئەستۆ گرتووە کە بە درۆن کراونەتە سەر هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان.
ئەو گرووپە کە ناوەکەی لە چیرۆکی "یارانى ئەشکەوت"ى نێو قورئانی پیرۆزەوە وەرگیراوە، لە ساڵی 2020 و دوای کوژرانی ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری ئەو کاتی سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی و قاسم سولەیمانی، فەرماندەی ئەو کاتی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران لە بەغدا دامەزرا.
لەو کاتەوە ئەو گرووپە بەرپرسیارێتیی ئەو هێرشانەی لە ئەستۆ گرتووە کە گرووپی موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق نزیک لە ئێران دەیانکاتە سەر بنکە و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراق و هەرێمی کوردستان و ناوچەکە.
بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو، ئەسحابول کەهف هاوشێوەی چەند گرووپێکی دیکە، ناوی خوازراوە بۆ گرووپە گەورەترەکانی دیکەی شیعە، بۆ شاردنەوەی بەرپرسیارێتیی راستەقینەیان لە هێرشەکان و شوێنپێونکردنیان بۆ ئەوەى هێرش نەکرێتە سەریان، بەڵام هەندێک ئاماژە بۆ ئەوەن کە نزیکن لە بزووتنەوەی نوجەبا کە ئەکرەم کەعبی سەرۆکایەتى دەکات.
یەکێک لە پۆستەکانی گرووپی ئەسحابو؛ کەهف لە تێلیگرام ستایشی ئەکرەم کەعبی و هەوادارەکانی کراوە لە ئاراستەکردنی یەکێک لە هێرشە درۆنییەکان.
گرووپی ئەسحابول کەهف دوای هەڵگیرسانی جەنگی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل، چەندینجار هەڕەشەی لە سوپای ئەمریکا و سەربازانی فەرەنسی لە عێراق و هاووڵاتییەکانیان لە هەرێمی کوردستان کردووە کە هێرشیان دەکەنە سەر، هۆشداریشى داوەتە بەرپرسانى وەزارەتى بەرگریى عێراق لە هاوکاریکردنى ئەو هێزانەى گرووپەکە بە بیانى ناوى بردوون.
هێرشەکانی ئەو گرووپە وڵاتانی دەوروبەری عێراقیشی گرتووەتەوە، بە گوێرەی راگەیێندراوی خۆیان. گرووپەکە لە 16 رۆژی رابردوودا بەرپرسیارێتیی خۆی لە چوار هێرش راگەیاندووە کە گوایە بە درۆن کراونەتە سەر کوێت، بەحرێن و ئوردن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ