هەڵوەشاندنەوەی گەشتەکان زیانی بە گەشتیاران گەیاندووە و چارەنووسی پارەکانیان نادیارە

16-06-2025
پەیام سەربەست
پەیام سەربەست @paya_m_
تەنیا رێگەی گەشتکردن لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ جیهان، بە پاسە
تەنیا رێگەی گەشتکردن لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ جیهان، بە پاسە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

ئەو رۆژانەی حاجی سەرهەنگ بڕیار بوو بە پلاندانان بۆ گەشتێکی چەند هەفتەیی لە وڵاتانی ئاسیا بەسەریان ببات، ئێستا گۆڕاون و چرکە بە چرکە بەدیار هەواڵە گەرمەکانی شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیلەوە دەیگوزەرێنێت.
 
حاجی سەرهەنگ رۆژی 16ی مانگ بلیتی فڕۆکەی بە هێڵی تورکیش ئێرلاین بۆ مالیزیا هەبوو، بەڵام گەشتەکەی هەڵوەشاوەتەوە و چارەنووسی 1000 دۆلاری تێچووی بلیتەکەشی دیار نییە و کەس پێی نەگوتووە قەرەبووی دەکەنەوە یان نا.
 
سەرهەنگ خالید، گەشتیارە و بە رووداوی گوت، ''بلیتەکانمان بە ئۆنلاین بڕیوە. تائێستا هیچ قسەمان لەگەڵ تورکیش ئێرلاین نەکردووە، بەڵام بەنیازین سەردانیان بکەین و قسەیان لەگەڵدا بکەین. هەروەها نامەشمان بۆ ئەو هۆتێلەی ئاسیا ناردووە کە گرتبوومان، بەڵام تائێستا وەڵاممان نەدراوەتەوە.''
 
یەکێک لە کۆمپانیا گەشتیارییەکانی هەولێر کە قسەمان لەگەڵیدا کرد، تەلەفۆنەکەی بێدەنگ نابێت، زیاتر لە 400 بلیتی گەشتیارەکانیان هەڵوەشاوەتەوە و چارەنووسی دەستپێکردنەوەی گەشتەکانیشیان نادیارە.
 
ساڵح مەهدی، خاوەنی کۆمپانیای گەشتیارییە و پێی رایگەیاندین، ''زیانەکە بەڕاستی بۆ هەموومانە، بۆ ئێمەی کۆمپانیاکانی گەشتیاری، بۆ هێڵە ئاسمانییەکان و بۆ خودی گەشتیارانیش. فڕۆکەکانی لوفتهانزا و یۆرۆوینگز کە فڕۆکەی ئەورووپین، تا 20ـی مانگ بەتەواوی گەشتەکانیان راگرتووە. هەروەها فڕۆکەی ئەیجن ئێرلاین کە فڕۆکەیەکی یۆنانییە، ئەویش تاوەکو 28ی مانگ گەشتەکانی بەتەواوی راگرتووە.''
 
ئەحمەد، خاوەنی کۆمپانیایەکی دیکەی گەشتیارییە و، دوو رۆژە خەوی لێ نەکەوتووە. دەڵێت، ''نزیکەی 95٪ـی کارەکانمان راوەستاوە. هێڵە ئاسمانییەکان یاسای تایبەتی خۆیان هەیە، ئەگەر هاتوو فڕۆکەخانە بەهەر هۆکارێک داخرا و گەشت ئەنجام نەدرا، دوو بژارە هەیە: یەکەمیان ئەوەیە کە دەتوانرێت تەواوی پارەکە بۆ گەشتیاران بگەڕێنرێتەوە. بژارەی دووەم ئەوەیە کە دەتوانرێت بلیتەکە بە خۆڕایی بۆ هەر رێککەوتێکی دیکە بگۆڕدرێت کە گەشتیار مەبەستیەتی. بەڵام هەندێک هێڵی ئاسمانی هەن کە بەداخەوە ئیمەیڵیان بۆ ناردووین و تەنیا دەتوانن بلیتەکە بگۆڕن، لێرەدا زیانی گەورە بەر گەشتیار دەکەوێت.''
 
کۆمپانیایەکی دیکەی گەشتیاریش، بەهۆی هەڵوەشاندنەوەی نزیکەی 150 بلیتی گەشتیارەکانیان لە سێ رۆژی رابردووی داخرانی فڕۆکەخانەکاندا، زیاتر لە 1500 دۆلار زیانیان بەرکەوتووە.
 
خەلیل عیسمەت، خاوەنی کۆمپانیای گەشتیاری، باس لەوە دەکات: ''بە گشتی دەتوانم بڵێم لای ئێمە بڕینی بلیت و داواکاری بۆ بلیتی نوێ زۆر کەمبووەتەوە. ئەوانەشی کە هەن، یان داوای هەڵوەشاندنەوەی بلیتەکانیان دەکەن یان بۆ رێککەوتێکی دوورتر دوایدەخەن.''
 
تەنیا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، لە سێ رۆژی رابردوودا زیاتر لە 90 گەشت هەبوون و هەموویان هەڵوەشاونەتەوە.
 
ئێستا تەنیا رێگەی گەشتکردن بۆ ئەو گەشتیارانەی کە گەشتکردنیان زۆر پێویستە، لە رێگەی پاسەوەن. رۆژانە نزیکەی 30 پاس لەو تێرمیناڵەوە، بەرەو شارەکانی تورکیا و باکووری کوردستان دەڕۆن.
 
بەگوێرەی قەبارەی پاسەکان، هەر پاسێک دەتوانێت نزیکەی 30 تاوەکو 40 سەرنشین هەڵبگرێت. هێندە گوشار لەسەر ئەو پاسانە دروست بووە، ئەگەر گەشتیارێک بیەوێت گەشت بکات بۆ تورکیا و لەوێشەوە بۆ وڵاتێکی دیکە، نزیکەی دوو تاوەکو سێ رۆژی پێویستە تاوەکو کورسییەکی پاسەکانی دەستبکەوێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.