رووداو دیجیتاڵ
سەتان ژن و پیاو لە یەککاتدا لە شەقامی فیردەوسیی شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستانە دەف دەژەنن.
10 ساڵە فیستیڤاڵی نەوای رەحمەت لە سنە بەڕێوەدەچێت، دەفژەنەکان لە نۆ پارێزگای ئێران و ئەفغانستان و باشووری کوردستان رژاونەتە شەقامی فیردەوسی و دەفدەژەنن.
زۆربەی ئەوانەی لە ئێران ژەنیاری دەفن، دەبێ لانیکەم بۆ جارێکیش بێت سەردانی سنە و مامۆستایانی ئەو ئامێرە ئایینییە بکەن بۆ ئەوەی بتوانن لەو بوارەدا شارەزابن.
دەیان کتێب و مەولوودنامە کە لە رۆژهەڵاتی کوردستان، بە تایبەت لە شارەکانی پارێزگای سنە لەسەر ئایینی ئیسلام و لە وەسفی پێغەمبەری ئیسلام هەیە، نەوای رەحمەت تەنیا لە چوارچێوەی فیستیڤاڵدا نەماوەتەوە و ئێستا وەکو بۆنەیەکی ئایینی تەماشا دەکرێت.
ئەمساڵ لە پارێزگاکانی خۆراسان، سیستان و بەلووچستان، زاهیدان، بووشێهر و مازەندەرانەوە، ژمارەیەک دەفژەنی گەنج و مێرمنداڵ بەشدارییان کرد و ئێوارەی پێنجشەممە لە شەقامی فردەوسی سنە، بەشێوازی هەزاردەف رێوڕەسمەکە بەڕێوەچوو.
رێحانە موژدەگانلوو، دەفژەنی نەیشابووری گوتی، "لە خۆراسان و لە شاری نەیشابوورەوە هاتووم و جێگەی شانازییە کە لە خزمەت ئەو مامۆستا گەورانەی دەفدا بووم و توانیم لە رێوڕەسمەکەدا دەف بژەنم."
یاسین سالاری، دەفژەنی سیستان و بەلووچستان گوتی، "ئەمساڵ یەکەم ساڵە لە زاهیدانەوە بەشداردەبین، رێوڕەسمی هەزار دەف زۆر سەرنجی راکێشام. بۆ من یەکێک لە جوانترین رووداوەکان بوو."
فیستیڤاڵی 'دەف نەوای رەحمەت' لە رۆژی پێنجشەممەوە لە شەقامی فیردەوسی سنە دەستیپێکردووە و تاوەکو ئێوارەی رۆژی شەممە بەردەوام دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ