رووداو - هەولێر
هەڵبژاردنی کۆنفرانسە نێوخۆییەکانی سەندیکای ژمێریاران و وردبینان لە هەولێر بەڕێوەچوو، کە هەڵبژاردنەکە بۆ دیاریکردنی ئەندامانی کۆنگرەی دووەمە.
22 ساڵە سەندیکای ژمێریاران و وردبینان دامەزراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەم سەندیکایە لەنێوان هەولێر و سلێمانی لەژێر یەک ناو و دوو ئیدارەی جیاواز کار دەکەن. بۆ ئەم هەڵبژاردنەشیان ئیدارەی هەولێر بە جیا دەیەوێت دەستەی کارگێڕییەکەی نوێ بکاتەوە.
دیار محەممەد، ئەندامی لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەکان دەڵێت، "لە سلێمانی پێنج کەس بە تەزکیەی حیزبی بەشداریی هەڵبژاردنەکان دەکەن، بەهۆی کێشە سیاسییەکان لقی سلێمانیی سەندیکاکە بەشداریی هەڵبژاردن ناکەن."
لە هەرێمی کوردستان 39 سەندیکا هەن، بەشێک لە سەندیکاکان لە 2000 و بەشێکی دیکەشیان لە 2011وە وادەیان تەواو بووە و پێویستیان بە هەڵبژاردنە. سەندیکای دەرمانسازان لە 2007 لەنێوان سلێمانی و هەولێر یەکیان گرتووەتەوە؛ دوایین کۆنگرەیان ساڵی 2011 بووە، هەرچەندە ئێستا دەیانەوێت هەڵبژاردن بکەن، بەڵام ململانێی سیاسی خەریکە ئاستەنگ لەبەردەم بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانیان دروست بکات.
د. رەنج محەممەد، سەرۆکی لقی هەولێری سەندیکای دەرمانسازان دەڵێت، "کێشە سیاسییەکان، شەڕی داعش و کۆرۆنا هۆکاری ئەنجامنەدانی کۆنگرە بوون؛ هیوادارین بتوانین ئەمساڵ کۆنگرە بکەین."
حکومەتی هەرێمی کوردستان بە نووسراوێکی فەرمی سەرجەم سەندیکا، کۆمەڵە و یەکێتییەکانی ئاگادار کردووەتەوە کە دەبێت لە ماوەی 180 رۆژدا هەڵبژاردنە نێوخۆییەکانیان ئەنجام بدەن و دەستەی بەڕێوەبردنیان هەڵبژێرن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ