رووداو دیجیتاڵ
سەندیکای پارێزەرانی کوردستان و عێراق یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لەبارەی پارێزەران و پیشەی پارێزەرایەتییەوە واژۆ دەکەن. بەپێی یاداشتەکە کاری پارێزەرایەتی بۆ ئەندامانی هەردوو سەندیکا لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دیکەی عێراق رێکدەخرێتەوە، جگە لەوەش دەبێت پارێزەران لە یەکێک لەو دوو سەندیکایە ئەندام بن، نەوەک لە هەردووکیان.
دوای ئەوەی 11ی ئابی 2022 سەرۆکی سەندیکای پارێزەرانی کوردستان و نەقیبی سەندیکای پارێزەرانی عێراق یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی 9 خاڵییان واژۆ کرد، رۆژی 15ی ئابی 2022 دەقی یاداشتەکە بڵاوکرایەوە.
هەڤاڵ عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆكی سەندیكای پارێزەرانی كوردستان لەبارەی ئەو یاداشتی لێکتێگەیشتنەی لەنێوان هەردوو سەندیکاکە واژۆ کراوە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "یاداشتەکە گرنگیی بۆ پارێزەرانی هەرێمی کوردستان و سەندیکاش هەیە، لەوانەش ژمارەیەک لە پارێزەرانی عێراق، ئەوانەی ناسنامەی سەندیکای پارێزەرانی عێراقیان هەیە لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن، بەهۆی ئەوەی ئەندامی ئەوانن لە هەر کەمتەرخەمییەک نەماندەتوانی لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکەین، بۆ لەمەودوا مافی لێپێچینەوە و سزادانیانمان هەیە، ئەمە بۆ پارێزەرانی ئێمەش، ئەوانەی لە بەغدا و شوێنەکانی دیکەی عێراق کار دەکەن هەمان شتە."
جێگری سەرۆکی سەندیکای پارێزەرانی هەرێمی کوردستان روونیکردەوە، "ئەوانەی ناسنامەی سەندیکای پارێزەرانی عێراقیان هەیە، دەبێت هەندێک رێکار هەیە بیکەن و دواتر نووسراوی رێگەپێدانیان بۆ کارکردن لە دادگە و فەرمانگەکان پێدەدەین، لەوانەش دەبێت بایۆمەتری بکەن دەریبخات فەرمانبەرن یاخود نا، جگە لەوەش بەڵگەی بێتاوانی بهێنن. گرنگی بایۆمەتری لەوەدایە، هەر فەرمانبەرێک ناسنامەی پارێزەرایەتیی دەرکردبێت لەمەودوا ناتوانێت بەردەوام بێت لە کارەکەی، چونکە نابێت پارێزەر بیت و فەرمانبەری حکومەتیش بیت."
سەبارەت بە خاڵەکانی دیکەی نێو یاداشتنامەکە، جێگری سەرۆکی سەندیکای پارێزەرانی کوردستان ئەوەی خستەڕوو، "ناسنامەی سەندیکای پارێزەرانی عێراق لە هەموو کوردستان کاری پێدەکرێت و هی هەرێمی کوردستانیش لە هەموو عێراق کار دەکات، ئەوەش وا دەکات کارەکە رێکبخرێتەوە."
ناوبراو ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، یاداشتەکە بەشێکی زۆری کێشەکانی پێشوو چارەسەر دەکات، تایبەت بە پارێزەران و ئاسانکارییەکی زۆریش بۆ کاری پارێزەرایەتی دەکات.
سەبارەت بە پارێزەرانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستانیش، هەڤاڵ عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوە کرد، "ئەو پارێزەرانەی هەردوو ناسنامەی سەندیکای کوردستان و عێراقیان هەیە، دەبێت یەکێک لەو دوو ناسنامەیە هەڵبژێرن و لە یەکێک لەو دوو سەندیکایە ئەندام بن نەک لە هەردووکیان."
یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان هەردوو سەندیکا لە نۆ خاڵ پێکدێت، لەوانەش، "ئینتیما بۆ یەکێک لە هەردوو سەندیکاکە، هاتنە ریزی نیشتەجێبووانی ناوچەکانی ماددەی 140ی دەستووری عێراق، پارێزەکانی تۆمارکراو لە هەردوو سەندیکا، جێبەجێکردنی کارەکان، بەرگریکردن لە پارێزەران و سزاکان، ناسنامەی هاوبەش، سزاکانی بەرزەفتی، دوانەکەوتنی رێکارەکانی لێکۆڵینەوەی پەیوەندیدار بە دادگەکانی لێکۆڵینەوەوە، پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەش لە هەردوولا بۆ هاوئاهەنگی."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ