رووداو دیجیتاڵ
ژمارەیەکی زۆر لە پێشمەرگەکانی لیواکان و وەزارەتی پێشمەرگە و فەرمانبەران لە هەولێر گلەیی لە خزمەتگوزارییەکانی بانکی بەغداد دەکەن و دەڵێن، ئامێرەکانی راکێشانی پارە (ATM) زۆربەی کات چۆڵن و پارەیان تێدا نییە. تیمی "هەژماری من"یش رایدەگەیێنێت کە بەدواداچوونی ورد بۆ ئەو کێشەیە دەکەن و لەگەڵ بانکەکەدا کۆدەبنەوە.
بەشێک لەو پێشمەرگانەی کە مووچەکانیان لەسەر بانکی بەغدادە، باس لەوە دەکەن کە لە کاتی دابەشکردنی مووچەدا تووشی گرفتێکی زۆر دەبنەوە. زانیار موحسین، پێشمەرگەیە، بە رووداوی راگەیاند: "زۆربەی ئامێرەکانی ATMی بانکی بەغداد لە شوێنە جیاجیاکانی هەولێر وەک لای تابلۆ مۆڵ، داون تاون و بەشەناوخۆییەکانی 18ی شوبات، رۆژی رابردوو پارەیان تێدا نەبووە. ناچارین بچین لە بانکەکانی دیکە مووچەکانمان رابکێشین، کە بۆ هەر ملیۆنێک هەشت بۆ دە هەزار دینار عموولەمان لێ دەبڕن."
ئەو پێشمەرگەیە ئاماژە بەوەش دەکات کە کێشەیەکی دیکەیان گۆڕینی بانکەکەیە، بەڵام پێیان گوتراوە کە پڕۆسەی گۆڕینی بانک لە "هەژماری من"دا کاتی دەوێت و لەو ماوەیەدا رەنگە بۆ مانگێک یان دوو مانگ مووچەکانیان دوا بکەوێت، ئەمەش بارگرانییەکی زۆری بۆ دروست کردوون.
وەڵامی تیمی 'هەژماری من'
لە بەرامبەر ئەم گلەییانەدا، تیمی پرۆژەی"هەژماری من"، بۆ رووداو جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئەوان مانگانە راپۆرتی ئاستی خزمەتگوزاری و کێشەی بانکەکان کۆ دەکەنەوە و لێپێچینەوە لە گرفتەکانیان دەکەن.
سەبارەت بە بانکی بەغداد، ئەندامەکەی تیمی پرۆژەی"هەژماری من" گوتی: "ئاگاداریی ئەو کێشەیە نەبووین و بۆ ئێمە شتێکی نوێیە، بەڵام بە دڵنیاییەوە بەدواداچوونی وردی بۆ دەکەین. ئەمە کێشەیە کە بانک نەتوانێت ئامێرەکانی خۆی پڕ پارە بکات و خزمەتگوزاریی پێویست پێشکەش بکات."
ئەو ئەندامەی تیمی "هەژماری من" ئاماژەی بەوەش کرد، پێشتر بانک هەبووە کە تیمی تەکنیکی و لۆجیستییەکانیان بۆ زیاد کراوە تاوەکو پرۆسەی کاش خێراتر بگاتە ئامێرەکان، هەر بۆیە "لەگەڵ بانکی بەغداد بەدواداچوون بۆ کێشەکە دەکەین و رێکاری پێویستیان لەگەڵ دەگرینە بەر."
هاوکات بەشێک لە فەرمانبەران و مووچەخۆرانی نێو پرۆژەی "هەژماری من" لە گەرمیان، گلەیی لەوە دەکەن کە ATMـەکانی بانکی RT، پارەیان تێدا نییە، تیمی "هەژماری من" دووپاتی کردەوە کە ئاگاداری کێشەی بانکەکانن لەو ناوچانەش و هەوڵ بۆ چارەسەرکردنیان دەدەن تاوەکو هاوبەشانی نێو پرۆژەکە تووشی گرفت وکێشە نەبن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ