رووداو دیجیتاڵ
خوێندکارانی سیستەمی پارالێڵ لە زانکۆ حکومییەکان و خوێندکارانی زانکۆ تایبەتەکان داوای داشکاندنی کرێی خوێندن دەکەن و دەڵێن، بەهۆی ئەوەی زیاتر لە مانگێک دەوام نەکراوە، پێویستە بەشێک لە پارەکەیان بۆ کەمبکرێتەوە. بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا رایدەگەیێنێت، لەماوەی ئەمساڵدا داشکاندن بۆ کرێی خوێندن لە زانکۆ حکومی و تایبەتەکانیش کراوە.
ژمارەیەک لە خوێندکاران و کەسوکاریان پەیوەندییان بە رادیۆی رووداو کردووە، نیگەرانیی خۆیان لە بەرزیی کرێی خوێندن لە زانکۆ تایبەتەکان نیشان دا. دایکی خوێندکارێک لە زانکۆی جیهان لە سلێمانی دەڵێت: "کچەکەم خوێندکارە و زیاتر لە مانگێکە دەوام نەکراوە، کەچی زانکۆ گوشاری لێ دەکات دەبێت قیستی دووەم بدات، ئەگەرنا رێگەی پێنادەن بچێتە تاقیکردنەوەکانەوە. داواکارین هاوشێوەی زانکۆ حکومییەکان، لێرەش داشکاندنمان بۆ بکرێت."
وەزارەتی خوێندنی باڵا: 60 ملیار دینار داشکاندن کراوە
لە وەڵامی ئەم داواکارییانەدا، د. توانا نەجەف، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بە رووداوی راگەیاند، وەزیری خوێندنی باڵا، هەنگاوی گەورەی بۆ داشکاندنی کرێی خوێندن ناوە، بەڵام زیاتر لە زانکۆ حکومییەکان.
بەڕێوەبەری فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی ئاماژەی بەوەکرد، دوای کۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجوومەنی وەزارەت کە رۆژی پێنجشەممە، 26ی ئاداری 2026 بەڕێوەچوو، بڕیاردرا بە داشکاندنی کرێی خوێندن بە رێژەی 20٪. لەکاتێکدا پێشتر وەزارەت 45٪ی دیکەی لەکرێی خوێندنی پاراڵێڵ داشکاندبوو.
د. توانا نەجەف گوتی: "لە خوێندنی حکومیدا نزیکەی 65%ـی کرێی خوێندنی پارالێڵ داشکێندراوە، کە کۆی گشتیی پارەکە دەگاتە نزیکەی 60 ملیار دینار و ئەمەش شتێکی کەم وێنەیە بۆ هاوکاریی خێزانە کەمدەرامەتەکان."
یاسا چی دەڵێت لەسەر زانکۆ تایبەتەکان؟
سەبارەت بەوەی بۆچی وەزارەت بڕیاری هاوشێوە بۆ زانکۆ تایبەتەکان دەرناکات، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی روونیکردەوە کە بەپێی یاسای ژمارە 2ی ساڵی 2013، زانکۆ تایبەتەکان لە رووی دارایی و کارگێڕییەوە سەربەخۆن.
د. توانا نەجەف ئاماژەی بەوەش کرد: "وەزیر ناتوانێت بە فەرمی دەستوەردان لە کاروباری دارایی زانکۆ تایبەتەکان بکات، چونکە ئەوان وەبەرهێنانیان کردووە. لەگەڵ ئەوەشدا، زانکۆکان خۆیان بۆ کەمئەندامان، کەسوکاری شەهیدان و ئەو خوێندکارانەی نمرەی بەرزیان هەیە (80 بۆ 90 بەسەرەوە)، داشکاندنی جیاوازیان کردووە کە بڕەکەی دەگاتە ملیۆنان دۆلار، ئەو داشکاندنانەی زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان کردوویانە نزیکەی 15٪ بووە."
لە کۆتایی قسەکانیدا، ئەو بەرپرسەی وەزارەتی خوێندنی باڵا جەختی لەوە کردەوە کە حکومەت پانتاییەکی فراوانی بۆ خوێندنی بێ بەرامبەر رەخساندووە و ئەمساڵ 60 هەزار کورسیی خوێندنی لە زانکۆ حکومییەکان پەسەند کردووە، تاوەکو بارگرانی لەسەر شانی هاووڵاتییان کەمبێتەوە و ناچارنەبن تەنیا روو لە زانکۆ ئەهلییەکان بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ