رووداو دیجیتاڵ
6 کۆچبەری هەرێمی کوردستان لە لیبیاوە دەگەڕێنرێنەوە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا رایگەیاند، لە ماوەی ساڵێک و 8 مانگدا 60 کۆچبەری کوردمان گەڕاندووەتەوە.
ئەو کۆچبەرانە ئەمڕۆ هەینی، 15ـی ئابی 2025 بە سەرپەرشتیی باڵیۆزخانەی عێراق لەو وڵاتە و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەگەڕێندرێنەوە.
ئەحمەد سەحاف، هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەمڕۆ رێکارەکانی گەڕاندنەوەی 6 کۆچبەرمان تەواو کرد کە خەڵکی هەرێمی کوردستانن و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەگەڕێندرێنەوە فڕۆکەخانەی هەولێر. ماوەی 30 رۆژ باڵیۆزخانە لە پەیوەندیی بەردەوامدا بووە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی لیبیا لەبارەی ئەو کۆچبەرانەوە."
ئەحمەد سەحاف رایگەیاند، ئەو کۆچبەرانە کاژێر 11:30 بە کاتی عێراق لە فڕۆکەخانەی بنغازی لیبیاوە بەڕێدەکرێن بۆ فڕۆکەخانەی قاهیرە لە میسر و لەوێشەوە بەرەو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر دەگوازرێنەوە.
ئەو کۆچبەرانە بەمەبەستی گەیشتن بە ئەورووپا روویان لە لیبیا کردبوو، لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی ئەو وڵاتەوە دەستگیرکراون.
ئەحمەد سەحاف رایگەیاند، لە ماوەی ساڵێک و 8 مانگى دوای کردنەوەی باڵیۆزخانەکەیان لە تەرابلوس، 60 هاونیشتیمانى هەرێمى کوردستان کە کۆچبەری نایاسایی بوون و هەموویان گەنج بوون، گەڕێندراونەتەوە و خەڵکی شوێنە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ