لە پێنجوێن گەنجێک بەهۆی تەقینەوەی مینەوە گیانی لەدەستدا

15-09-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەرایەتیی گشتی کاروباری مینی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند ئەمڕۆ هەینی لە گوندی هۆشیاری سەر بە ناحیەی ناڵپارێز لە قەزای پێنجوێن تەرمی کەسێک دۆزراوەتەوە کە بەهۆی تەقینەوەی مین پێیدا گیانیلەدەستداوە، بەڕێوەبەری ناحیەی ناڵپارێزیش دەڵێت: "ئەو کەسە باری دەروونی جێگیر نەبووە و پێشتریش سێ برای بەهۆی مینەوە گیانیان لەدەستداوە."
 
رۆژی هەینی، 15-9-2023، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کاروباری مینی پارێزگای سلێمانی لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، کاژێر 7:00ـی ئەمڕۆ لە گوندی ھۆشیاری سەر بە ناحیەی ناڵپارێزی قەزای پێنجوێن دانیشتوویەکی ئەو گوندە بەناوی میقداد قادر حەسەن، مینێکی پێدا تەقیوەتەوە و دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە.
 
رۆژی هەینی، 15-9-2023، هێمن ئیبراهیم، بەڕێوەبەری ناحیەی ناڵپارێزی سەر بە قەزای پێنجوێن، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەداخەوە ئەو گەنجە کە لەدایکبووی 1992 بوو، لە کاژێر شەشی دوێنێ ئێوارەوە دیار نەمابوو، باری دەروونی ناجێگیرە، ئەمڕۆ تەرمەکەی دۆزرایەوە."
 
هێمن ئیبراهیم گوتیشی: "بەهۆی زۆریی ئەو مینانەی لەو ناوچەیەدا بڵاوکراونەتەوە پێشتر سێ برای دیکەی ئەو کەسەش هەر بەهۆی مینەوە گیانیانلەدەستدابوو."
 
بەپێی ئاماری دەزگای گشتی کاروباری مین 255 کیلۆمەتر چوارگۆشە لە رووبەری خاکی هەرێمی کوردستان لە زاخۆوە تاوەکو گەرمیان بە مین و پاشماوە جەنگییەکان پیسبوون و دەبێت پاکبکرێنەوە، رێژەی 60٪ـی مین و پاشماوە جەنگییەکان دەکەونە سنووری پارێزگای سلێمانی و 40٪ـیشیان دەکەونە سنووری پارێزگای هەولێر و دهۆک. 
 
هەروەها تاوەکو مانگی نیسانی ئەمساڵ 13 هەزار و 557 کەس لە هەرێمی کوردستان بوونەتە قوربانی مین و پاشماوە جەنگییەکان، لەو ژمارەیە نزیکەی 6 هەزاریان گیانیان لەدەستداوە و ئەوانی دیکەیان برینداربوون و هەندێکیشیان نیڤشکان بوون.
 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.