رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە ئەمڕۆ لیژنەی هەڵبژاردنی فیدراڵیی ئەڵمانیا، ئەنجامی فەرمیی هەڵبژاردنی پەرلەمانی مانگی رابردووی ئەو وڵاتە رابگەیێنێت. هاوکات، بڕیارە هەر ئەمڕۆ گەڕێکی دیکەی گفتوگۆ لەنێوان پارتی سۆسیال دیموکرات، سەوزەکان و دیموکراتی ئازاد بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ بەڕێوەبچێت.
ئەمەش لە کاتێکدایە، هەفتەی رابردوو، هەرسێ لایەن رێککەوتن هاوپەیمانییەک بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی ئەڵمانیا پێکبهێنن؛ ئێستا بەشێکی سەرەکیی گفتوگۆکانی ئەو سێ لایەنە لەسەر دابەشکردنی پۆستەکانە.
ئۆڵاف شوڵز، بەربژێری سۆسیال دیموکراتەکان بۆ بوون بە راوێژکاری ئەڵمانیا دەڵێت، وڵاتەکەی بەر لە کریسمس دەبێتە خاوەنی حکومەتێکی نوێ. پارتەکەشی دەڵێت، ئەنجامی باشیان لە گفتوگۆکان دەستخستووە.
لارس کلینگبێڵ، سکرتێری گشتیی پارتی سۆسیال دیموکرات دەڵێت، "لەم کۆبوونەوانەدا، هەموو بابەتە پەیوەندیدارەکانمان باسکردن. بەیەکەوە پلانمان داڕشتووە و بە بۆچوونی من، لەم چەند رۆژ و نیوەدا ئەنجامی باشمان دەستکەوتووە. پێموایە هێشتا رێگەیەکی درێژمان لەپێشە و یەک دوو ئاڵنگاری لەپێشمان دەبن. بەڵام دڵنیام لەدوای ئەم یەک رۆژ و نیوە، ئەگەر وەکو ئاڵنگارییەکی هاوبەش سەیری بکەین، دەتوانین بەیەکەوە بەسەر ئەو ئاڵنگاریانەدا سەربکەوین کە بەرۆکی هەموومانی گرتووە".
هەرچی سەوزەکانە، خۆیان یەکلایی کردووەتەوە کە لەگەڵ سۆسیال دیموکراتدا بن و داواشیان لە پارتی دیموکراتی ئازاد کردووە کە بەشداری لە هاوپەیمانێتییەکە بکەن.
مایکڵ کێڵنەر، سکرتێری گشتیی پارتی سەوز دەڵێت، "خاڵە هاوبەشەکان زیادیانکردووە و خاڵە ناکۆکەکانمان کەمیانکردووە، بەڵام هێشتا هەندێک شت هەن تاوەکو چارەسەر بکرێن و روونبکرێنەوە. ئێمە لەسەر ئەنجامەکان دەوەستین و ئامادەکاری بۆ کۆبوونەوەی گەورەتر لە رۆژی هەینی لێرە دەکەین، بۆئەوەی بتوانین بەشێوەیەکی خێرا بەرەو پێشەوە بچین".
پارتی دیموکراتی ئازادیش رایدەگەیێنێت کە گفتوگۆکان لەگەڵ پارتی سۆسیال دیموکرات و سەوزەکان بە باشی بەڕێوەچوون و دەشڵێت، هەڵسەنگاندن بۆ ئەم گەڕەی گفتوگۆکان دەکەن و گرنگ ئەوەیە ئەوەی لە کۆبوونەوەکاندا باس دەکرێت جێبەجێ بکرێت کە دەبێتە بناخەی بڕیاردانیان.
ئەوەی دەمێنێتەوە، پارتی کریستیان دیموکراتە. هەموو ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن لە دوای 16 ساڵ لە پاراستنی پۆستی راوێژکاریی ئەڵمانیا ئەمجارە ببنە ئۆپۆزیسیۆن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ