دەیڤد پێترایۆس: نێچیرڤان بارزانی سەرۆکێکی خاوەن تێڕوانین، واقیعی و بەپەرۆشە

15-10-2025
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
 دەیڤد پێترایۆس، بەڕێوەبەری پێشووتری سی ئای ئەی.
دەیڤد پێترایۆس، بەڕێوەبەری پێشووتری سی ئای ئەی.
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری پێشووتری ئاژانسی هەواڵگری ناوەندیی ئەمریکا (سی ئای ئەی) لەبارەی سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە دەڵێت، ئەو "سەرۆکێکی خاوەن تێڕوانین، واقعی و بەپەرۆشە." دەشڵێت، زیاتر لە دوو دەیەیە پەیوەندی لەگەڵدا هەیە. 
 
رۆژی 15ی تشرینی یەکەمی 2025، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و دەیڤد پێترایۆس، بەڕێوەبەری پێشووتری ئاژانسی هەواڵگری ناوەندیی ئەمریکا بەشدارییان لە 14ـەمین خولی دەرچوونی زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی کرد. 
 
پێترایۆس رایگەیاند، "پێش ئەوەی دەستپێبکەم، دەمەوێت سوپاسێکی تایبەتی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بکەم، نەک تەنیا بۆ هاوبەشیکردنمان لێرە، بەڵکو بۆ ئەوەی کە لە هەولێرەوە هاتووە بۆ سلێمانی و ئەمەش پابەندبوونێکی بەهێزە". 
 
دەیڤد پێترایۆس ئاماژەی بە ئامادەبوونی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بۆنەکەدا کرد و گوتی: "لە ئەزموونەوە دەزانم کە ئەمە تەنیا بۆ پارچە کێکێک نییە، بەڵکو بۆ ئەوەیە کە ئەو بەڕاستی و دڵسۆزانەوە ویستی ئامادەبێت لەم بۆنە گرنگەدا. زیاتر لە دوو دەیەیە ئەو شانازییەم پێ بڕاوە کە لەگەڵ سەرۆک بارزانی لە پەیوەندیدابم کاتێک فەرماندەی یەکەی 101ی ئاسمانی و دواتریش هێزەکانی هاوپەیمانان بووم لە باکووری عێراق دوای شەڕی بەغدا لە ساڵانی 2003 و 2004دا". 
 
ئەو بەرپرسە باڵایەی پێشووتری ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، یارمەتی بەڕێوەبردنی ناوچەکەی داوە کە بە دۆخێکی راگوزەر و دەیان نادڵنیاییەوە تێپەڕیووە. "تەنانەت ئەو کاتیش روون بوو، کە ئەو سەرۆکێکی خاوەن تێڕوانین، واقعی و بە پەرۆش و هەروەها بەهێزە. ئامادەبوونی ئەمڕۆ لێرە شانازییە بۆ زانکۆکە، ئەوانەی دەردەچن و هەموومان کە ئەم ئێوارەیە لێرە کۆبووینەتەوە". 
 
زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی ساڵی 2007 دامەزراوە. بە گوێرەی ماڵپەڕی زانکۆکە، ئێستا سەروو هەزار فێرخوازی هەیە و زیاتر لە دوو هەزار فێرخوازیش لەو زانکۆییە دەرچوون. زانکۆکە هەشت بەشی هەیە کە 22 پڕۆگرامی جیاوازیان تێدا دەخوێندرێت. 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە