رووداو دیجیتاڵ
کەشناسیی هەرێمی کوردستان پێشبینی دەکات باران تاوەکو شەوی 17 لەسەر 18ی مانگ بەردەوام بێت. تاوەکو دوانیوەڕۆی ئەمڕۆش زۆرترین بڕی بارین لە ناوچەیەکی دیاریکراودا نزیکەی 30 ملیم بووە. پڕۆفیسۆرێکی زانستی ئاو و زەوی دەڵێت، "پێویستمان بە 50 بۆ 60 ملیم نەرمەباران بۆ پەڵە."
ئەمڕۆ شەممە، 15ی تشرینی دووەمی 2025، دیلان رەشاد، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پێشبینی دەکرێت شەپۆلی بارانبارین تاوەکو 72 کاژێری دیکە بەردەوام بێت، بەڵام پچڕ پچڕ و بەلێزمە دەبێت.
گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن گوتیشی، "بارانبارین تاوەکو شەوی دووشەممە لەسەر سێشەممە بەردەوام دەبێت، پێشبینی دەکرێت رۆژی سێشەممە کەشەکە ئاسایی ببێتەوە و کاریگەری ئەو نزمە پاڵەپەستۆیەی سەر ناوچەکەمان کەمبێتەوە."
شاڵاو هیدایەت، شارەزای کەشناسی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بارانەکە زۆر باش و لەسەرخۆیە، پێشبینی دەکەین لە ناوچە شاخاوییەکان و نیمچە شاخاوییەکان لەم دوو رۆژەدا پەڵە بدات و جووتیاران بتوانن زەوییەکانیان بکێڵن."
لەبارەی پەڵەدان دیلان رەشاد ئاماژەی بەوە کرد، "پێشبینی دەکرێت لە ئەگەری بەردەوامبوونی ئاستی دابارین پەڵە بدات، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ ئاماژەیەک بۆ پەڵەدان دەرنەکەوتووە."
سەبارەت بە سوودی ئەم بڕە بارانبارینە، د. دیاری عەلی، پڕۆفیسۆری بواری زانستی ئاو و زەوی بە رووداوی گوت، "بەشێوەیەکی گشتی بۆ پەڵەدان پێویستمان بە 50 بۆ 60 ملیم نەرمەبارانی بێ پچڕانە، بەڵام ئەوەش بەگوێرەی خاک دەگۆڕێت، بۆ نموونە؛ خاکە کێڵراو و فشەڵەکان رەنگە بە 30 ملیم پەڵە بدات."
بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەو پڕۆفیسۆرەی زانستی ئاو و زەوی، بەهۆی کەمبوونەوەی بڕی بارانبارین لەم چەند ساڵەی دواییدا، لە سلێمانی 15 بۆ 20 مەتر و لە هەولێر 30 بۆ 40 مەتر ئاوی ژێرزەوی دابەزیوە.
د. دیاری گوتیشی، "بۆئەوەی ئاوی ژێرزەوی ببووژێتەوە، پێویستمان بەوەیە لە هەر مانگێکی زستاندا سێ بۆ چوار جار باران ببارێت. بەتێکڕا لە هەولێر 400 ملیم و لە سلێمانی 600 بۆ 700 ملیم بارانبارینمان پێویستە، بۆ پاراو بوون و زیادبوونی ئاوی ژێرزەوی. لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە هاوسەنگی بەکارهێنانی ئاوی ژێرزەوی بپارێزرێت."
ئاماری بارانبارین تاوەکو دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ بەم شێوەیە بووە:
هەولێر 9.3 ملیم، پیرمام 16.2 ملیم، سۆران 9.4 ملیم، هیران 9.4 ملیم، خەبات 7.6 ملیم، شەقڵاوە 9.5 ملیم، بارزان 4 ملیم، رواندز 14.1 ملیم، مێرگەسۆر، 28.5 ملیم، سیدەکان 8 ملیم، دیبەگە 14 ملیم، چۆمان 14 ملیم، خەلیفان 10 ملیم.
لە هەنێک ناوچەی دەیکەش بەمشێوەیە بووە: سێمێل، 4.5 ملیم، شیلادزێ 18.5 ملیم، ئامێدی 28 ملیم، ئاکرێ 12 ملیم، قەسرۆک 7.5 ملیم، بەردەڕەش 7.8 ملیم، دینارتە 20.8 ملیم، زاویتە 15.5 ملیم، مانگێش 15 ملیم، ئەترووش 12 ملیم، حوسێنیە 8 ملیم، ئەلقوش 4.5 ملیم، فایدە 4.5 ملیم، شێخان 6.5 ملیم، باعەدرێ 12 ملیم، کانی ماسێ 21 ملیم، چەمانکێ 24 ملیم، بامەڕنێ 18.5 ملیم، دێرەلووک 22 ملیم، گردەسێن 2.1 ملیم و بجیل 16.5 ملیم.
بەگوێرەی ئاماری کەشناسیی سلێمانی بۆ رووداو، لە ناحیەی تەکیە لە قەزای چەمچەماڵ 31 ملیم باران باریوە، لە یاخسەمەر 24 ملیم، لە سیتەک 12 ملیم و لە قەزای قەرەداغ لە هەمان پارێزگا 14 ملیم باران باریوە.
بەگوێرەی ئامارەکان، لە کەلار 3.2 ملیم، لە خانەقین 0.9 ملیم، مەیدان 0.4 ملیم و لە ناحیەی شوان 13.8 ملیم باران باریوە.
هەروەها بەگوێرەی ئاماری کەشناسی عێراق، لە شاری کەرکووک 9.8 ملیم باران باریوە، لە گەڕەکی رەحیماوای شارەکە 13.3 ملیم و لە فڕۆکەخانەی کەرکووک 12.2 ملیم باران باریوە. هەروەها لە خوورماتوو 17.4 ملیم، بێجی 0.4 ملیم، موسڵ 7.8 ملیم، زوممار 2.4 ملیم باران باریوە.
هاوشێوەی ناوچەکانی دیکە، لە ئیدارەی راپەڕین بارانبارین بەردەوامە، بەگوێرەی ئاماری سنوورەکە، لە رانیە 23.3 ملیم، لە قەڵادزێ 22 ملیم، حاجیاوا 20.5 ملیم، چوارقوڕنە 19.2 ملیم، سەنگەسەر 17 ملیم، ژاراوە 14.5 ملیم و لە سەرکەپکان 17 ملیم باران باریوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ