رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە سبەی سێشەممە هەردوو شاندنی دانوستاندنکاری پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆببنەوە.
کۆبوونەوەکە لە بارەگای مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکرێت لە شاری هەولێر، تێیدا باسی هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەنگی کورد لە بەغدا و بەرکەوتەکانی دەکرێت.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، شاندەکەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرۆکایەتیی قوباد تاڵەبانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و ئەندامێتیی رێواز فایەق، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و دەرباز کۆسرەت، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانە.
شاندی پارتی دیموکراتی کوردستانیش بە سەرۆکایەتیی هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و ئەندامێتیی پشتیوان سادق، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و دڵشاد شەهاب، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندییە.
هیوا گەیلانی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "پارتی و یەکێتی رێککەوتوون بۆ ئەوەی لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و پشکی کورد لە حکومەتی نوێی بەغدا گفتوگۆ بکەن."
رۆژی 10-12-2025 سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی دا لە هەولێر، لەبارەی دانوستاندنی شاندی دانوستاندنکاری پارتی و حیزبەکەی بۆ پێکهێنانی حکومەت، رایگەیاند، ''ئەوەی کە من لە هەردوولا دەیبینم، جۆرێک لە گەشبینی هەیە.''
سەعدی ئەحمەد پیرە گوتی، ئێستا لە بەردەم دوو بەرنامەی گرنگی پێکهێنانی حکومەت و کاراکردنەوەی پەرلەمان لە عێراق و هەرێمی کوردستاندان، ''ئەگەر ئێمە (پارتی و یەکێتی) لە هەرێمی کوردستان یەکگرتوو نەبین، نەتوانین حکومەت پێکبهێنین، بێگومان لە بەغداش دەکەوینە دژی یەکدی و لاواز دەبین.''
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی جەختی لەوە کردەوە، بۆ ئەوەی بتوانن لەگەڵ پارتی لە بەغدا بەهێز بن، ''پێویستە لە هەولێر، کەرکووک و موسڵ یەکگرتوو بین، ئەگەر نا لەوێ لاواز دەبین.''
سەعدی ئەحمەد پیرە ئاماژەی بەوە کرد، دوای ئەو کۆبوونەوەیەی کە لەنێوان پارتی و یەکێتی دەکرێ، لەگەڵ لایەنەکانی دیکەش کۆبوونەوەیان دەبێت.
زیاتر لە 13 مانگ بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا تێپەڕبووە و سەرەڕای دانوستاندنی یەکێتی و پارتی تاوەکو ئێستا نەتوانراوە کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکبهێنرێت. ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی گوتی، ''ئێمە هێزێکی سەرەکین لە هەرێمی کوردستان و پارتیش هەر بەو شێوەیەیە، ناکرێ پارتی چاوەڕی بێ یەکێتی چی بداتێ یان پێچەوانەکەی. دەبێ رێکبکەون پێکەوە حکومەتێک پێکبهێنن.''
پارتی و یەکێتی لە کۆبوونەوەکانی رابردوویاندا، توانییان لەسەر کارنامەی حکومەت بگەنە لێکتێگەیشتن، بەڵام کاتێک هاتنە سەر پۆستەکان، کۆبوونەوەکان ئاستەنگیان تێکەوت. سەعدی ئەحمەد پیرە دەڵێت، ''باسی دیدگای هاوبەش دەکەن، بەڵام ئەگەر لەسەر پرسی دابەشکردنی دەسەڵات و شێوەی جێبەجێکردنی بەرنامەی حکومەت رێکنەکەون، دیدگای هاوبەش بایەخی نییە. پێویستە لەسەر پێکهێنانی حکومەت رێکبکەون.''
پارتی لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان 39 کورسی و یەکێتیش 23 کورسی بەدەستهێنا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ