رووداو دیجیتاڵ
قایمقامیەتی قەزای چەمچەماڵ دەڵێ، ئەمڕۆ دوایین رۆژی تۆمارکردنی ئەو ئۆتۆمبێلانەیە بەر لافاو کەوتوون. بەڕێوەبەری هاتووچۆی چەمچەماڵیش دەڵێ: "راپۆرتی زیانەکان رادەستی حکومەت دەکەین."
ئەمڕۆ دووشەممە 15-12-2025 عەمید عومەر عەلی، بەڕێوەبەری هاتووچۆی چەمچەماڵ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، پشکنین بۆ ئۆتۆمبێلەکان دەکەن و ئۆتۆمبێلە زیانبەرکەوتووەکان تۆماردەکەن و ئیدی حکومەت خۆی دەزانێت قەرەبووکردنەوەکە چۆن دەبێ.
رۆژی 07-12-2025 شەپۆلێکی بارانبارین باشووری کوردستانی گرتەوە و بۆ سێ رۆژ بەردەوام بوو. بەهۆیەوە لە بەشێکی باشووری کوردستان، لەنێویاندا قەزای چەمچەماڵ و دەوروبەری، لافاو دروست بوو.
قایمقامیەتی چەمچەماڵ دەڵێ، ئەمڕۆ دوایین وادەی تۆمارکردنی ئۆتۆمبێلەکانە و پێویستە وێنەی ئۆتۆمبێلەکە لە کاتی رووداوەکەدا هاوپێچ بکرێ.
لەبارەی هاوپێچکردنی وێنەی ئۆتۆمبێلی زیانلێکەوتوو لە کاتی رووداوەکەدا، بەڕێوەبەری هاتووچۆی چەمچەماڵ دەڵێت، "وێنەکە وەک بەڵگەیە تاوەکو زانین ئایا ئەو ئۆتۆمبێلە ژێرئاوکەوتووە یان نا؛ ئەمە بۆ ئەوەیشە تاوەکو کەسانێک ئەو هەلە نەقۆزنەوە و فێڵ نەکەن."
عەمید عومەر عەلی دەڵێت، "ئەگەر ئۆتۆمبێلەکە وێنەی نەبێت، لیژنەیەکی خەماڵاندنمان دروست کردووە و سەیری ئۆتۆمبێلەکان دەکەن."
ئەو بەڕێوەبەرە لەبارەی ژمارەی ئەو ئۆتۆمبێلانەی تاوەکو ئێستا تۆمارکراون گوتی، "تاوەکو ئێستا نزیکەی 540 ئۆتۆمبێل تۆمارکراون. لیژنەکەمان دەچێتە ئەو شوێنەی ئۆتۆمبێلەکەی لێیە."
سەبارەت بە جۆری ئۆتۆمبێلە زیانبەرکەوتووەکان، عەمید عومەر عەلی گوتی: "هەموو جۆرەکانی تایبەت تۆماردەکرێن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ