رووداو دیجیتاڵ
دوو پەرستاری گەنج لە نەخۆشخانەکانی کرماشان کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێنا و بەرپرسێکی ماڵی پەرستارانی پارێزگاکە دەڵێ، خۆکوشتنیان بەهۆی ئەو هەموو کێشەیەیە کە پەرستاران هەیانە.
شەیدا ئەرزانی، پەرستار لە نەخۆشخانەی ئیمام رەزای کرماشان، رۆژی یەکشەممە 14-12-2025 کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا. کەناڵی هەواڵیی ماڵی پەرستارانی ئێران بڵاویکردەوە: "شەیدا ئەرزانی پەرستارێکی ماندوونەناس و پابەند بووە بە کارەکەی و خزمەتی زۆری نەخۆشەکانی کردووە؛" هەروەها ئاماژەی بەوەداوە، ئەگەرچی ئەرکی پەرستاران ئەوەیە، بە نەخۆشەکان رابگەن، بەڵام خۆشیان پێویستییان بە پاڵپشتی و پێڕاگەیشتنە.
هەروەها شەوی شەممە 13ـی مانگ میلاد مروەتی، پەرستاری 25 ساڵ لە بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی ئیمامی کرماشان کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.
میلاد مروەتی لە دوایین پۆستیدا لە ئینستاگرام نووسیویەتی: "ویستم کۆتایی بە خەم بهێنم، بەڵام نەمتوانی. کۆتاییم بە خۆم هێنا".
سەعید مورادی وەفا، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی ماڵی پەرستاران لە پارێزگای کرماشان لە پەیجی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرام لەبارەی هۆکاری خۆکوشتنی ئەو دوو پەرستارە نووسیویەتی، کاتێک کێشەکانی پەرستاران نابینرێن، ئیدی تێکدەشکێن و پەنا دەبەنە بەر ئەو کارە.
مورادی وەفا دەڵێ، داواکاریی ئەوان روونە و داوا دەکەن، دەسەڵات دەنگی هەموو ستافی بەشی تەندروستی ببیستێت و کێشەکانیان چارەسەر بکات.
بە گوتەی ئەو ئەندامەی ماڵی پەرستارانی پارێزگای کرماشان، میلاد مروەتی لە سەختترین رۆژەکاندا لە بەشی فریاکەوتن و سووتان کاری کردووە و لە کاتی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆناشدا لە نەخۆشخانە خزمەتی زۆری تووشبوو و نەخۆشەکانی کردووە.
زانکۆی پزیشکیی کرماشان و دادپزیشکیی پارێزگاکە هێشتا لەبارەی خۆکوشتنی ئەو دوو پەرستارە هیچیان رانەگەیاندووە. لە ساڵانی رابردوودا خۆکوژیی پەرستاران لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر بووە. سکرتێری ماڵی پەرستارانی ئێران هاوینی 2025 رایگەیاند، حکومەت بڕیاریداوە راپۆرت و ئامارەکانی تایبەت بە خۆکوشتن یان کۆچکردنی پەرستاران بڵاونەکرێنەوە.
محەممەد شەریفی مقەدەم، سکرتێری ماڵی پەرستارانی ئێران دەڵێ، پەرستارانی ئەو وڵاتە ناچارن کاری زیادە بکەن و مووچەکانیان کەمە و تووشی جیاکاری و هەڵاواردن دەبنەوە، ئەوەش تووشی کێشەی وەکو خەمۆکی و بێهیواییان دەکات.
بەپێی ئاماری وەزارەتی تەندروستیی ئێران، زیاتر لە 213 هەزار پەرستار لە نەخۆشخانەکانی ئەو وڵاتە کار دەکەن و بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کەمیی پەرستار دەبێت، لانیکەم 100 هەزار پەرستاری دیکە دابمەزرێنرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ