رووداو دیجیتاڵ
راوێژکارى سەرۆکوەزیرانى عێراق بۆ کاروبارى ئەمنى دەڵێت، لیژنەى لێکۆڵینەوە لە هێرشەکانى سەر هەولێر سەردانى شوێنى بۆردوومانەکە دەکەن و بەڵگە کۆکراوەکان دەکرێنە بەشێک لەو دۆسیەی سکاڵایەى بڕیارە پێشکێش بە ئەنجوومەنى ئاسایش بکرێت.
حوسێن عەللاوى، راوێژکارى سەرۆکوەزیرانى عێراق بۆ کاروبارى ئەمنى، ئەمڕۆ سێشەممە، 16-1-2024، بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، ئەو لیژنەی لێکۆڵینەوەیەی سەرۆکوەزیران بۆ لێکۆڵینەوە لە هێرشەکانى ئێران بۆ سەر هەولێر پێکیهێناوە سەردانى شوێنى بۆردوومانەکە دەکەن و بەڵگەی پێویست کۆدەکەنەوە.
16ـی کانوونی دووەمى 2024، بە بڕیارى محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لیژنەیەکى لێکۆڵینەوە لە هێرشکردنە سەر هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان پێکهێندرا کە لەلایەن قاسم ئەعرەجى، راوێژکارى ئاسایشی نەتەوەیی عێراقەوە سەرۆکایەتى دەکرێت.
حوسێن عەللاوى گوتی، بەڵگەکان و ئەنجامى کاری ئەو لیژنەى لێکۆڵینەوەیە، دەکرێنە بەشێک لەو دۆسیەی سکاڵایەى لەسەر ئەو هێرشە دەدرێتە ئەنجوومەنى ئاسایشى نێودەوڵەتى.
دەبێت لیژنەکە لەماوەى 48 کاژێردا راسپاردەى خۆیان لەبارەی ئەو هێرشە بدەنە سەرۆکوەزیرانى عێراق.
راوێژکارەکەى سوودانی گوتی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە یەک چاو لە ئاسایشى نیشتمانیی وڵات دەڕوانێت کە تێڕوانینێکى نیشتمانییانەیە.
شەوى رابردوو، ئێران بە 11 مووشەک هێرشی کردە سەر هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان و لە ئەنجامدا 4 کەس گیانیان لەدەستدا و 16 کەسی دیکەش برینداربوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ