کوردستان
پەیامنێری رووداو: نوێژخوێنان لە سلێمانی مەلای مزگەوتێک لە مینبەر دەهێننە خوارەوە "چونکە قسەی دژ بە شەڕڤانەکانی رۆژئاوای کوردستان گوتووە"
رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی ''بێڕێزیکردن'' بە شەڕڤانانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەی حەلەب، نوێژخوێنانی مزگەوتێکی سلێمانی وەڵامی گوتارخوێنی مزگەوتەکە دەدەنەوە و ناهێڵن گوتارەکەی تەواو بکات. بەڕێوەبەری ئەوقافی سلێمانی بە پەیامنێری رووداوی گوت، بەدواداچوون بۆ بابەتەکە دەکەن و لە ئەگەری پشتڕاستبوونەوەی بێڕێزیکردنەکەی، مۆڵەتی گوتارخوێنیی ئەو مامۆستا ئایینییە هەڵدەوەشێندرێتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی نزار جەزا، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو، ئەمڕۆ هەینی 16-01-2026، گوتارخوێنی مزگەوتی بەختەوەری لە گەڕەکی راپەڕینی سلێمانی، لەکاتی گوتاری نوێژی هەینیدا، دژی شەرڤانانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەی حەلەب قسەی کردووە کە لەم دواییانەدا لەلایەن سوپای عەرەبیی سووریا هێرشیان کرایە سەر.
گوتارەکە کاردانەوەی نوێژخوێنانی لێکەوتووەتەوە و بە تووندی ناڕەزاییان دەربڕیوە. بەگوتەی پەیامنێری رووداو، ''نوێژخوێنان گوتارەکەیان بە بێڕێزیکردن بە شەرڤانان زانیوە، هەستاونەتە سەرپێ و لە شوێنی گوتاردانی مزگەوتەکە هێناویانەتە خوارەوە.''
لەکاتی دروستبوونی ئاڵۆزییەکەدا، هێزەکانی ئاسایش گەیشتوونەتە مزگەوتی بەختەوەری و مامۆستاکەیان لەگەڵ خۆیاندا بردووە، بەڵام دیار نییە کە بردنەکەی بۆ لێکۆڵینەوە بووە یان پاراستنی لە کاردانەوەی نوێژخوێنان.
عەباس خدر، بەڕێوەبەری ئەوقافی سلێمانی لەوبارەوە بە پەیامنێری رووداوی راگەیاند، مەلایەکە ناوی هەڤاڵ فارسە و جیا لە گوتارخوێنی مزگەوتی بەختەوەری، ئەندازیاریشە لە شارەوانیی سلێمانی.
وەک عەباس خدر گوتی، هەڤاڵ فارس بەهۆی ئەوەی دەستێکی باڵای هەبووە لە دروستکردنی مزگەوتەکەدا، دوای تەواوبوونی، هەر لەوێ مۆڵەتی گوتارخوێنی پێدراوە.
بەڕێوەبەری ئەوقافی سلێمانی ئاماژەی بەوەدا، بەدواداچوون بۆ بابەتەکە دەکەن و گوێ لە گوتاری ئەو مامۆستا ئایینییە رادەگرن، ئەوکات بەگوێرەی قسەکانی هەڵوێستیان دەبێ و ''ئەگەر دژ بە شەرڤانان قسەی کردبێ، تاوەکو هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتەکەی رێکاری بەرامبەر دەگرنەبەر''.
هاوکات ئاسایشی سلێمانیش بە پەیامنێری رووداوی راگەیاند، بەدواداچوون بۆ بابەتەکە دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ