رووداو دیجیتاڵ
ئاسایشی سلێمانی راگەیێندراوێکی لەبارەی مامۆستا ئایینییەکەی گەڕەکی راپەڕین بڵاوکردەوە و دەڵێت، "لە گوتارەکەیدا، هەندێک دەستەواژەی نەشیاوی بەرامبەر کوردانی رۆژئاوا بەکارهێناوە."
کارزان شێرکۆ، گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێم رایگەیاند، نیوەڕۆی ئەمڕۆ 16-01-2026 لە مزگەوتی بەختەوەریی گەڕەکی راپەڕینی شاری سلێمانی، گوتاری رۆژی هەینی بووە هۆی دروستبوونی ناڕەزایی و گرژی و ئاڵۆزی لە مزگەوتەکەدا.
گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێم دەشڵێت، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سلێمانی دەستبەجێ بۆ کۆتاییهێنان بە ئاڵۆزییەکان، "گوتاربێژەکەیان گواستەوە بۆ ئاسایشی سلێمانی."
کارزان شێرکۆ ئاماژەی بەوە کردووە، "(هەڤاڵ فارس مەولوود) پیشەی ئەندازیارە و خۆبەخشانە گوتاربێژی (مزگەوتی بەختەوەری)یە، دوای لێکۆڵینەوەکان دەرکەوت ناوبراو لە گوتارەکەی ئەمڕۆیدا هەندێک دەستەواژەی نەشیاوی بەرامبەر بە کوردانی رۆژئاوا بەکارهێناوە، ئەمەش بووەتە هۆی ناڕەزایی لای نوێژخوێنانی ئەو مزگەوتە."
بەپێی گوتەی گوتەبێژی دەزگاکە، ئێستا ئەو مامۆستا ئایینییە بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش تۆمەتبارە بە ماددەی (240) لە یاسای سزادانی عێراقی و راگیراوە و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکەی بەردەوامە.
روونکردنەوەی مادەی 240 لە یاسای سزاکانی عێراقی
مامۆستا ئایینییەکە بەپێی مادەی (240) لە یاسای سزاکانی عێراقی (ژمارە 111ی ساڵی 1969) راگیراوە. ئەم مادەیە دەکەوێتە چوارچێوەی "سەرپێچیکردنی فەرمانە فەرمییەکان" و ناوەڕۆکەکەی بەم شێوەیە:
دەقی یاساکە:
سزا دەدرێت بە بەندکردن (الحبس) کە لە 6 مانگ تێپەڕ نەکات، یان بە پێبژاردن (غەرامە) کە لە (100) هەزار دینار زیاتر نەبێت (بەپێی هەموارکردنەوە نوێیەکان بڕەکەی گۆڕاوە)، هەر کەسێک سەرپێچی بکات لە فەرمان یان بڕیارێک کە لەلایەن فەرمانبەرێک یان دەسەڵاتێکی گشتییەوە دەرچووبێت، یان خۆی لە جێبەجێکردنی فەرمانەکە دزیبێتەوە.
بۆچی ئەم مادەیە بەکارهاتووە؟
لە دۆسیەی ئەم مامۆستا ئایینییەدا، مادەی 240 بەکارهاتووە چونکە:
1- گوتاربێژی لە مزگەوتەکاندا رێنوێنی و یاسای تایبەتی هەیە، کە لەلایەن وەزارەتی ئەوقاف و لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە دەردەچن، بەکارهێنانی مینبەر بۆ "ناوزڕاندن" یان "دروستکردنی ئاڵۆزیی کۆمەڵایەتی" وەکو سەرپێچیکردنی ئەو رێنوێنییە گشتییانە ئەژمار دەکرێت.
2- دروستکردنی پشێوی لە شوێنێکی گشتیدا (مزگەوت) وەکو سەرپێچیکردنی فەرمانی پاراستنی ئاسایشی گشتی سەیر دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ