رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری ئاوی کەلار رایدەگەیێنێت، چوار گەڕەکی شارەکە تۆڕی ئاویان کۆن بووە و بەگوێرەی راپۆرتی تەندروستی، پێویستە ئەو گەڕەکانە تۆڕەکانیان بگۆڕدرێت. دەشڵێت، بە فراوانکردنی پاڵاوگەی ئاوی شارەکە ئاستی پشتبەستن بە ئاوی ژێر زەوی کەمتر دەبێت لە 10٪.
سامان رەحیم، بەڕێوەبەری ئاوی کەلار میوانی بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو بوو، باسی پرۆژەکانی سێکتەری ئاوی شارەکەی کرد و گوتی، پار دوو پرۆژەمان هەبوون، پرۆژەی نۆژەنکردنەوەی تۆڕی ئاوی گەڕەکی بنگرد، لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان نزیکەی 30٪ی تەواوکراوە، هەروەها پرۆژەی گۆڕین و فلتەری پاڵاوگەی ئاوی کەلار بوو کە زیاتر لە هەشت ساڵ بوو بەکار دەهات، ئێستا لەکۆی 8 فلتەر، شەشیان گۆڕاون و هەردوو پرۆژەکەش نەبوونی نەختینە گرفتی بۆ جێبەجێکردنیان دروستکردووە.
قەزای کەلار پێکدێت لە 32 گەڕەک، بەگوتەی بەڕێوەبەری ئاوی شارەکە، "لەکۆی 32 گەڕەک زۆرینەی گەڕەکەکانمان تۆڕی ئاویان نوێیە، بەڵام چوار گەڕەکمان هەن تۆڕی ئاویان کۆنە و گوشاری زۆری خستووەتە سەر بەشی چاککردنەوە و گرفتمان بۆ دروست دەکات."
سامان رەحیم دەشڵێت، "ئەو چوار گەڕەکەی پێویستیان بە گۆڕینی تۆڕی ئاو هەیە، دەرخستەی پێوسیتمان پێشکێشکردووە کە کۆی گشتییان نزیکەی شەش ملیار دینارە و ساڵانە راپۆرتی تەندروستی و دەرخستەکان ئاراستەی وەزارەت دەکەین بۆ ئەوەی پێویستە ئەو گەڕەکانە تۆڕەکانیان بگۆڕین، چونکە زۆرجار دەبنە هۆی نەخۆشی و پەتا."
بۆ دابینکردنی ئاوی خواردنەوە بۆ دانیشتووانی شارەکە، رۆژانە لە رێگەی پاڵاوگەی ئاوی کەلار و 63 بیری ئیرتیوازییەوە نزیکەی 90 هەزار مەتر سێجا ئاو بەرهەم دەهێنرێت.
ساسان رەحیم دەڵیت، سەرەڕای ئەوەی رووباری سیروانمان هەیە، بەڵام ئێستا لەکۆی 98 بیری ئیرتیوازی 63یان کاردەکەن، لەگەڵ پاڵاوگەی ئاوی کەلار رۆژانە نزیکەی 90 هەزار مەتر سێجا ئاوی خواردنەوە دابەشدەکەین بەسەر زیاتر لە 30 هەزار هاوبەش."
قەزای کەلار کە ناوەندی ئیدارەی گەرمیانە، یەکێکە لەو شارانەی بە گەشەیەکی ناسرووشتی فراوان بووە، قایمقامی پێشووی شارەکە لە 2024 رایگەیاند، "نزیکەی 26 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون دروست دەکرێن".
بەڕێوەبەری ئاوی کەلار ئاماژەی بەوەش کرد، پێشبینی دەکەن بۆ ساڵانی داهاتوو گرفتیان بۆ دروست ببێت لە دابینکردنی ئاوی خواردنەوە. دەشڵێت، بۆ پشتبەستنی تەواوەتی بە ئاوی رووباری سیروان و دەستهەڵگرتن لە بەکارهێنانی ئاوی ژێر زەوی، "پێویستمان بە فراوانکردنی پاڵاوگەی یەکی ئاوی کەلارە، کە لە ساڵی 2009وە دەرخستەکەی ئامادەیە، کە فراوانکردنیشی پێویستی بە 12 ملیۆن دۆلارە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ