رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە چەند هەفتەی رابردوودا دەستیان بەسەر 51 کیلۆگرام مادەی هۆشبەردا گرتووە و 35 بازرگان و فرۆشیاری مادەکەش دەستگیرکراون.
یەکشەممە 16ی شوباتی 2025، نەقیب ئەرکان بیبانی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، لە چەند هەفتەی رابردوودا چەند ئۆپەراسیۆنێکیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیی بە مادەی هۆشبەر کردووە.
نەقیب ئەرکان بیبانی گوتی، لەو ماوەیەدا دەستیان بەسەر 49 کیلۆگرام مادەی هۆشبەر لە جۆری کریستاڵ و دوو کیلۆگرام هیرۆییندا گرتووە.
وەک گوتەبێژەکە ئاماژەی پێدا، 35 بازرگان و فرۆشیاری مادەی هۆشبەریش دەستگیرکراون کە ژمارەیەکیان بیانین و لە دهۆک و هەولێر بازرگانییان بە مادەکەوە کردووە.
بەگوتەی نەقیب ئەرکان بیبانی، دۆسیە بۆ سەرجەم تۆمەتباران کراوەتەوە و بەپێی یاسای بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان، رووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، زیاتر لە پێنج هەزار و 700 زیندانیکراو لە چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان دا هەن، لەو ژمارەیە، هەزار و 527 تۆمەتباری مادەی هۆشبەر سزادراون کە دەکاتە یەک لەسەر پێنجی کۆی سزادراوان، کە زیاتر لە 800یان بازرگانن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ