رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ستایشی رۆڵی نێچیرڤان بارزانی دەکات و دەڵێت، هەمیشە پشتیوانیی گەلەکەی بووە لە رۆژئاوای کوردستان.
مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە لە پۆستێکدا لە (X) نووسیویەتی، کۆبوونەوەی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، جێگەی خۆشحاڵییەکی گەورە بووە.
رۆژی یەکشەممە، 15-02-2026، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە میونشن پێشوازی لە مەزڵووم عەبدی کرد و کۆبوونەوە.
مەزڵووم عەبدی دەڵێت: "کاک نێچیرڤان بەردەوام پشتیوانیی گەلەکەمانی لە رۆژئاوا کردووە. رۆڵی جەنابیان لە پێشخستنی دیالۆگ، کەمکردنەوەی گرژییەکان و بەدیهێنانی ئارامی، جێگەی سوپاس و رێزە."
فەرماندەی گشتیی هەسەدە پێیوایە ئەم قۆناخە بۆ گەلی کورد "دەستپێکی قۆناخێکی نوێی یەکێتی و چارەسەری سیاسییە."
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەبارەی کۆبوونەوەکەی نێچیرڤان بارزانی و مەزڵووم عەبدی بڵاویکردەوە، دوایین پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکانی سووریا و ناوچەکە و دۆخی كورد و پێکهاتەکانيان له سووريا تاوتوێ كرد.
نێچیرڤان بارزانی جەختی لە "گرنگیی بەردەوامیی دیالۆگ و لێكگهيشتن بۆ چارەسەركردنى سیاسيیانهى کێشهکان له سووریا کردەوە. بە شێوەیەک کە مافی كورد و هەموو پێکهاتەکان لە چوارچێوەی سووریایەکی یەکگرتوو و له دهستوورى داهاتووى وڵاتدا پارێزراو بێت".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ