رووداو دیجیتاڵ
هەڵەبجەییەکان ساڵانە 16ـی سێ بە دەرفەت دەزانن بۆ ئەوەی ئەو گلەییانەی کە هەیانە دەریببڕن. دانیشتووانی شارەکە داوای خزمەتگوزاریی زیاتر دەکەن و دەیانەوێ دوای بەپارێزگابوونی شارەکەیان، ئاوڕی زیاتری لێ بدرێتەوە و بودجەی پێویستی بۆ تەرخان بکرێت.
هۆشیار بیاوێڵەیی، هاونیشتمانییەکی شارەکەیە و دەڵێت، لەپێناو پاککردنەوەی زەوییە کشتوکاڵییەکان لە مین، هەردوو قاچی لەدەستداوە. ئەو لەگەڵ هاوڕێکانی دا بەردەوام باسی ئەو پڕۆژانە دەکەن کە حکومەت دەبوو بۆ هەڵەبجەی بکردایە و دەڵێت، "ئەگەر چەند ساڵە و هەریەکە و یەک پڕۆژەیان بکردایە ئێستا کێشەمان نەمابوو، ئەمڕۆ دەرزیت هەڵبدایە نەدەکەوتە عەرز."
یەکێک لەو کەرتانەی لە هەڵەبجە پێشکەوتنی بەخۆیەوە نەبینیوە، کەرتی وەبەرهێنان و خانووبەرەیە کە خەڵک دەڵێن، حکومەت کارێکی بۆ بەرەوپێشچوونی نەکردووە.
فەیسەڵ حەمە غەریب، خاوەنی نووسینگەی کڕین و فرۆشتنی خانووبەرە باسی لەوە کرد، "بەقەد قوربانییەکانی خزمەتگوزاری بۆ هەڵەبجە نەکراوە، بۆ نموونە خانوو دراوە بە شەهید پینج دەفتەر دۆلاری تێچووە، کەچی ئێستا تەنیا 10 هەزار دۆلار دەکات."
سەرۆککۆماری عێراق کە ئەمڕۆ یەکێک بوو لەوانەی لە رێوەڕسمی 35 ساڵەی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەدا بەشداری لە یادەکەدا کرد، دوای دەربڕینی هاوخەمی، بەڵێنی دا ئەوەی لە بەغدا بتوانێت بیکات، بۆ خەڵکی شارەکە درێخی نەکات.
لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق ئاماژە بەوە دەکات، "شاری هەڵەبجە دەبێتە پارێزگایەکی فەرمیی عێراق. هیوادارین بڕیارەکە زوو بچێتە پەرلەمان و دەنگی لەسەر بدرێت بۆ ئەوەی ئەو کاتە بودجەی تایبەتی خۆی هەبێت و خزمەتگوزاریی زیاتر بۆ هەڵەبجە دابین بکرێت."
لە نێوان ساڵانی 2010 بۆ 2021، نزیکەی 200 پڕۆژە لە هەڵەبجە خرابوونە بەرنامەی کارەوە، بەڵام تەنیا 10 پڕۆژەیان کاریان تێدا کرا و ئەوانیش پێش تەواوبوونیان، جێهێڵدران. هاوکات شارەکە پێویستی بە 88 فەرمانگەی حکومی هەیە، بەڵام تاوەکو ئێستا 55 فەرمانگە لەو شارە کراونەتەوە کە بەشی زۆریان لە بینای کرێدان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ