رووداو دیجیتاڵ
لە نوێترین راگەیێندراویدا لەبارەی سەردانەکەی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا دەڵێت، "لەگەڵ مەسرور بارزانی تاوتوێی پەرەپێدانی بازرگانیی نەوت و کارەبامان کرد".
ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە 16ـی ئاداری 2025، ئاڵپئارسڵان بایراکتار، وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا، دوای تەواوکردنی کۆبوونەوە و دیدارەکانی لە بەغدا، گەیشتە هەولێر. لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لەلایەن بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لێکرا.
ئاڵپئارسڵان بایراکتار، وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی ئێکس رایگەیاند، "دوای بەغدا سەردانی هەولێرمان کرد، لەگەڵ بەڕێز مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردی عێراق کۆبووینەوە."
ئاڵپئارسڵان بایراکتار، نووسیویەتی: "لە دیدارەکەماندا ئەو هەنگاوانەمان تاوتوێ کرد کە دەتوانرێت بۆ پەرەپێدانی بازرگانیی نەوت و کارەبای نێوانمان بنرێن. ھەروەھا ئەوەی کە دەکرێت بۆ پەرەپێدانی هاوئاهەنگی لەگەڵ کەرتی تایبەت و گشتی لە گۆڕەپانی ھایدرۆکاربۆنییەکاندا ئەنجام بدرێت."
بەیانی ئەمڕۆ، ئاڵپئارسڵان بایراکتار، وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا و شاندی یاوەری گەیشتنە بەغدا. زنجیرەیەک دیدار و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق ئەنجامدا. دواتر لە بەغداوە گەیشتە هەولێر و لەلایەن بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لێکرا.
لە بەغدا یەکەم کۆبوونەوەی لەگەڵ حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق بوو. دیداری دووەمی لەگەڵ فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوە و دیداری سێیەمیشی لەگەڵ زیاد عەلی فازڵ، وەزیری کارەبا بوو. دوایین دیداریشی بەر لەوەی سەردانی هەولێر بکات لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بوو.
لە دیدارەکانیدا تیشکی خستە سەر بابەتەکانی، پێکەوە کارکردنی زیاتر و هاوکارییەکان لە بواری وزە و زیادکردنی هەناردەی کارەبا بۆ عێراق لە ماوەیەکی کورتدا. پتەوترکردنی ھاوبەشیی ستراتیژیی نێوان تورکیا و عێراق، گەیشتن بە ئامانجی قەبارەی بازرگانی لە کەرتی نەوت و گازی سرووشتی و بوارەکانی بەرھەمھێنان و گواستنەوە و بازرگانی. گرنگی پڕۆژەی رێگای گەشەپێدان وەک رێگایەکی وزەش هەڵسەنگێندرێت. هەروەها وەبەرهێنانەکان لە بواری وزەی نوێبووەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ