رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە 38ـەمین ساڵڤەگەڕی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەدا رایدەگەیێنێت، پێویستە حکومەتی فیدراڵ لە ئاست بەرپرسیارێتیی یاسایی و دەستووریی خۆیدا بێت، خەڵکی کوردستانیش نابێت لە یادیان بچێت ئەو دەستکەوتانەی ئەمڕۆی هەرێمی کوردستان بەرهەمی خوێنی شەهیدانن.
رۆژی دووشەممە، 16ـی ئاداری 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و جارێکی دیکە بە بیری حکومەتی فیدراڵی دەهێنێتەوە کە پێویستە قەرەبووی قوربانییان بکاتەوە. دەڵێت: "بە شێوەیەکی شایستە، بنەماڵە و کەسوکاری سەربڵندی شەهیدانی هەڵەبجە، ئەنفالکراوان و سەرجەم قوربانییانی دیکەی دەستی رژێمی پێشووی عێراق قەرەبوو بکاتەوە."
رۆژی 16-3-1988 فڕۆکەکانی حکومەتی ئەوکاتی بەعس، بۆمبی کیمیاییان بەسەر هەڵەبجەدا بەردایەوە و بەهۆیەوە زیاتر لە پێنج هەزار کەس شەهیدبوون و هەزارانی دیکەش برینداربوون.
مەسرور بارزانی دەشڵێت: ئامانجی ئەو کارەساتە کە بەرامبەر بە خەڵک ئەنجامدرا، "قڕکردن و جینۆسایدکردنی گەلی کوردستان بوو."
تاوەکو ئێستا چەندین وڵاتی جیهان ئەو هێرشەی سەر هەڵەبجەیان وەکو تاوانی جینۆساید ناساندووە.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان باس لەوە دەکات، کیمیابارانی هەڵەبجە هەمیشە زامێکی قووڵە لە مێژوودا و هێمایەکی دیار و روونی ئەو ستەمکاری و زۆردارییەیە کە دژی خەڵکی کوردستان ئەنجام درا. بۆیە جەخت دەکاتەوە، نابێت ئەو تاوانە هۆڤانەیە هەرگیز لە یاد و یادەوەریی خەڵکی کوردستان و مرۆڤایەتیدا بچێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ