رووداو دیجیتاڵ
چەکدارێکی فەرەنسیی ئەندامی داعش، کە بڕوا دەکرێت کوژرابێت، رۆژی دووشەممە بێ ئامادەبوونی خۆی لە فەرەنسا دادگایی دەکرێ. ئەمە یەکەمین دادگاییکردنە لە فەرەنسا کە تێیدا چەکدارێکی ئەو گرووپە بە تۆمەتی جینۆساید بەرامبەر کوردانی ئێزدی تۆمەتبار بکرێ.
تۆمەتەکانی سەر سەبری ئێسید
سەبری ئێسید، کە لە ساڵی 1984 لەدایکبووە و لە 2014 چووەتە نێو داعش لە سووریا، تۆمەتبارە بەوەی چەندین ژنی کوردی ئێزدی لە بازاڕەکاندا کڕیوە و دەستدرێژیی سێکسیی کردووەتە سەریان، هەروەها لە ئاو و خۆراک بێبەشی کردوون.
هەرچەندە گومان دەکرێ ئێسید لە ساڵی 2018 کوژرابێت، بەڵام بەهۆی نەبوونی بەڵگەی فەرمیی مردنەکەی، دادگا بڕیاریدا بێ ئامادەبوونی خۆی بە تۆمەتی جینۆساید، تاوانی دژە مرۆڤایەتی و هاوکاری لەو تاوانانەدا دادگایی بکات کە لە نێوان ساڵانی 2014 و 2016 ئەنجامدراون.
گرنگیی دادگاییکردنەکە
پاتریک بودوین، پارێزەر لە کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ لە فەرەنسا رایگەیاند: "لەبەر ئەوەی لە رابردوودا چەکدارانی داعش هەبوون کە وا زانراوە کوژراون، بەڵام دواتر دەرکەوتوونەتەوە، زۆر گرنگە ئەم دادگاییکردنە بەڕێوەبچێت."
کلێمێنس بێکتار، پارێزەری سێ ژنی کوردی ئێزدی و هەشت منداڵەکانیان کە لەم کەیسەدا سکاڵاکارن، دەڵێت ئەم دادگاییکردنە دەبێت "خوێندنەوەیەکی دیکە بۆ تاوانەکانی داعش" بکات، کە زۆربەی جار لە فەرەنسا تەنیا وەک تاوانی تیرۆریستی مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێ.
کلێمێنس بێکتار جەختی کردەوە کە پێویستە تیشک بخرێتە سەر ئەو پێشێلکارییە قورسانەی دژی هاووڵاتییانی مەدەنی کراون، بەتایبەتی سیاسەتی جینۆساید بەرامبەر ئێزدییەکان.
جینۆسایدی کوردانی ئێزدی
داعش لە ساڵی 2014دا رووبەرێکی فراوانی لە سووریا و عێراق کۆنترۆڵ کرد.
رێکخراوە پەڕگیرەکە لە ئابی ئەو ساڵەدا هێرشی کردە سەر شنگال و کوردانی ئێزدی کۆمەڵکوژ کرد و و هەزاران ژن و کچیشی رفاند. لێکۆڵەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان دواتر ئەم رەفتارانەیان وەک "جینۆساید" ناساند.
ئێسید لە ڤیدیۆیەکی داعشدا لە ساڵی 2015دا دەرکەوت، کاتێک هانی کوڕی هاوژینەکەی دەدا کە تەمەنی 12 ساڵ بوو، بۆ ئەوەی بارمتەیەکی فەڵەستینی بکوژێ. هاوژینەکەی ئێسید، کە لە کاتی گەڕانەوەی بۆ فەرەنسا دەستگیرکرا، بڕیارە لە دادگاییکردنەکەدا ئامادە بدات.
بڕیارەکانی دیکەی ئەورووپا
پێشتر لە ساڵی 2021دا، دادگایەکی ئەڵمانیا یەکەمین بڕیاری لەسەر ئاستی جیهان دەرکرد و تاوانەکانی داعشی دژی ئێزدییەکان بە جینۆساید ناساند.
هەروەها مانگی رابردوو دادگایەکی سوێد و ساڵی رابردووش دادگایەکی بەلجیکا، بڕیاری هاوشێوەیان دژی چەکدارانی داعش دەرکرد کە ژن و منداڵی کوردی ئێزدییان وەک کۆیلە بەکارهێنابوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ