رووداو دیجیتاڵ
چەند پەرلەمانتارێک لە دادگەی باڵای فیدراڵی تانە لە بەپارێزگابوونی ھەڵەبجە دەدەن. سەرۆکی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، "بەپارێزگابوونی ھەڵەبجە بە رێکارە یاساییەکاندا رۆیشتووە و کەس ناتوانێت ھەڵیوەشێنێتەوە."
ئەمڕۆ چوارشەممە، 16ـی نیسانی 2025، رێبوار ھادی، سەرۆکی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەپارێزگابوونی ھەڵەبجە، لەڕووی یاساییەوە ھیچ کێشەیەکی نییە و دروستە، رێژەی یاسایی ئامادەبوون، دەنگی لەسەر دراوە و دەنگی زیاتر لە نیوەی هێناوە."
وەکو سەرۆکی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، بڕیاری بەپارێزگابوونی هەڵەبجە لە رۆژنامەی فەرمی بڵاودەکرێتەوە، ھەموو رێکارە یاساییەکانی تێپەڕاندووە، سەرپێچی یاسا نەبووە.
رۆژی دووشەممە، ئەمیر مەعموری، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا، لەگەڵ ژمارەیەک پەرلەمانتار کە خۆیان بە سەربەخۆ ناودەبەن، لە باڵەخانەی پەرلەمان رایگەیاند: "ئێمە دژی بەپارێزگاکردنی ھەڵەبجە نین بەپێی رێگا یاسایی و دەستوورییەکان، ھەڵەبجە قوربانی و شەھیدی داوە، بەڵام لە ھەمانکاتدا داواکاری پێشکێشکراوە بۆ رەتکردنەوەی".
ئەو پەرلەمانتارە ھەڕەشەی تۆمارکردنی سکاڵا دەکات و دەڵێت: "ئەوەی لە دانیشتنەکەدا روویدا وامان لێدەکات بەپێی رێگا یاساییەکان روو لە دادگەی باڵای فیدراڵی بکەین، بەڵگەمان ھەیە کە ژمارەی پەرلەمانتاران لە دانیشتنەکەدا تەواو نەبووە و رێژەی یاسایی تەواو نەبووە".
14-04-2025 پەرلەمانی عێراق کۆبووەوە، لە کۆبوونەوەکە دەنگ بە پڕۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی ھەڵەبجە درا و بووە 19یەمین پارێزگای عێراق و چوارەمین پارێزگای ھەرێمی کوردستان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ