گوتەبێژی کاروباری دەرەوەی کەجەکە: پەکەکە بڕیاری چەکدانانی نەداوە

16-05-2025
دیار سلێمان
دیار سلێمان
نیشانەکردن چەکدانانی پەکەکە
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کەجەکە دەڵێت، لە کۆنگرەی پەکەکەدا بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دراوە، نەوەک چەکدانان؛ ئاماژە بەوەش دەکات، "هێشتا پرۆسەیەک بەناوی ئاشتی (لە تورکیا) دەستیپێنەکردووە، چونکە هەردوولا (پەکەکە و تورکیا) لەسەر ناوی پرۆسەکە هاوڕا نین."
 
زاگرۆس هیوا، گوتەبێژی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کۆما جڤاکێن کوردستانی (کەجەکە)، رۆژی هەینی 16ی ئایاری 2025 لە هەڤپەیڤینێکدا بە (ستێرک تیڤی) راگەیاند، نابێت بڕیارەکانی پەکەکە لەبارەی خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری وەک "پرۆسەی ئاشتی" ناوببرێن. ئاماژەی بەوەش کرد، "باشتر وایە ئەم بڕیارانە وەک سەردەمێکی نوێ بۆ تێکۆشان و بە ناوی (سەردەمی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی) پێناسەبکرێن."
 
رۆژی دووشەممە 12ی ئایاری 2025 پەکەکە، ئەنجامی کۆنگرەی 12ی خۆی راگەیاند کە لە 5 - 7ی ئایار بەڕێوەچوو. پەکەکە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداریی دا.
 
گوتەبێژی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کەجەکە گوتی، بڕیارەکانی کۆنگرەی پارتەکەیان تەنیا بۆ "کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری" دراون. ئاماژەی بەوەش کرد، "کەس باسی دانان و رادەستکردنی چەکی نەکردووە، چونکە ئێستا زەوینەی وەها لە ئارادا نییە."
 
ئەو گوتانەی زاگرۆس هیوا لە کاتێکدان، حکومەتی تورکیا بڕیارەکەی پەکەکەی لەبارەی کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری بە "بڕیاری چەکدانان" ناودەهێنێت.
 
زاگرۆس هیوا دەشڵێت، "هێشتا دانوستاندن بۆ پرۆسەی ئاشتی دەستی پێنەکردووە، چونکە هەردوولا (پەکەکە و تورکیا) لەسەر ناوی پرۆسەکە هاوڕا نین. دەوڵەتی تورکیا هێشتا دەستەواژەی تیرۆر بۆ ئەم پرۆسەیە بەکاردەهێنێت. چۆن دەبێت تۆ لەلایەک باسی ئاشتی بکەیت و لەلایەک دیکەیش زمانێک بەکاربهێنیت، هەست و ویژدانی گەلی کورد بریندار بکات؟"
 
بە بۆچوونی گوتەبێژی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کەجەکە، بۆ ئەوەی پرۆسەی ئاشتی دەستپێبکات، "دەبێت سەرەتا زیهنییەتی دەوڵەتی تورک بگۆڕدرێت؛ ئەو زیهنییەتەی، کورد وەک تیرۆریست دەبینێت."
 
گوتەبێژی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کەجەکە ئاماژەی بەوەش کرد، "بەرلەوەی باسی دانانی چەک بکەین، دەبێت باسی پاشەکشەی سوپای داگیرکەری تورک لە خاکی باشووری کوردستان بکەین."
 
زاگرۆس هیوا باسی لەوەش کرد، "بۆ ئەوەی قۆناخی ئەم سەردەمە (قۆناخی ئێستای پرۆسەی چارەسەری) بەرەوپێشەوە بچێت، دەبێت سەرەتا گۆشەگیری لەسەر رێبەر ئاپۆ هەڵبگیرێت و رێبەر ئاپۆ لەڕووی جەستەیی ئازادبێت، بۆ ئەوەی بتوانێت ئازادانە و لە کەشێکی پارێزراو و تەندروستدا کار بۆ سەرخستنی ئەم پرۆسەیە بکات."
 
گوتەبێژی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کەجەکە پێیوایە، تورکیا لە رێگەی هەڵگرتنی گۆشەگیری لەسەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە و چارەسەرکردنی پرسی کورد لە رێگەی هەموارکردنەوەی دەستوورەوە دەتوانێت پرۆسەی چارەسەری بە سەرکەوتوویی بە ئەنجام بگەیێنێت.
 
زاگرۆس هیوا ئاماژە بەوە دەکات، "ئەو سەردەمەی بە بڕیارەکانی پەکەکە لەبارەی خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دەستیپێکردووە، لەڕووی دەستەبەکردنی ماف و ئازادییەکانەوە کاریگەری لەسەر هەموو بەشەکانی کوردستان دەبێت."
 
لە یەکی تشرینی یەکەمی پار لەلایەن حکومەتی تورکیا هەنگاوێک بۆ پرۆسەی چارەسەری نرا؛ ئەم پرۆسەیە لەلایەن تورکیا بە "تورکیایەکی بێ تیرۆر" لەلایەن دەم پارتیشەوە بە "چارەسەرکردنی پرسی کورد" ناوبراوە.
 
کەجەکە باڵی سیاسیی پارتی کرێکارانی کوردستانە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە