رووداو دیجیتاڵ
چەند شوێنەوارێکی مێژوویی لە سنووری سۆران لە پارێزگای هەولێر دۆزرانەوە کە وەک بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و کەلەپووری سۆران دەڵێت، مێژوویان بۆ 10 تاوەکو 20 هەزار ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە.
ئەمڕۆ هەینی 16ی ئایار د. عەبدولوەهاب سلێمان، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و کەلەپووری سۆران بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە ئەشکەوتی پڵنگان لە ناحیەی سرێشمەی قەزای خەلیفان، چەندین شوێنەواری چینی بەردینمان دۆزیوەتەوە کە مێژووەکەیان بۆ کۆتایی چاخی بەردینی کۆن و سەرەتای چاخی بەردینی نێوەڕاست دەگەڕێتەوە."
د. عەبدولوەهاب سلێمان دەڵێت، "ئەو شوێنەوارانەی دۆزیومانەتەوە بۆ سەردەمی ئێپی پالیۆلیسیک دەگەڕێنەوە کە مێژووەکەی 10 هەزار بۆ 20 هەزار ساڵ لەمەوپێشە. ئەو جۆرە چینانە زیاتر لە نیو سەدە بوو ون ببوون، بەڵام لە ساڵی 1951 بۆ یەکەمجار لە ناوچەی زاگرۆس لەلایەن شوێنەوارناسە بیانییەکان دۆزرانەوە و لە دوای ئەوەوە هیچ نیشانەیەکی دیکە نەدۆزرانەوە تاوەکو ئێمە لە داوێنی چیای پڵنگان ئەم چینانەمان دۆزییەوە کە شوێنپێی مرۆڤەکانی ئەو سەردەمەن."
بەڕێوەبەری شوێنەوار و کەلەپووری سۆران ئاماژە بەوەش دەکات، "گرێبەستمان لەگەڵ زانکۆی ئۆتۆنۆمسی بارسێلۆنای ئیسپانیا بۆ 5 ساڵ واژۆکردووە، بۆ گەڕان بەدوای شوێنەوارە مێژووییەکان لە سۆران و تاوەکو ئێستا چەندین شوێنەواری گرنگمان دۆزیوەتەوە."
بەگوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و کەلەپووری سۆران، تاوەکو ئێستا نزیکەی هەزار و 200 ناوچە و شوێنی شوێنەواری لەسنووری ئیدارەی سۆران تۆمارکراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ