رووداو دیجیتاڵ
بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان هۆشداری دەدات لە زیادبوونی خنکان و دەڵێ، هەرچەندە هێشتا وەرزی هاوین دەستیپێنەکردووە، بەڵام ئامارەکان نیشانەی باشنین، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە 21 کەس خنکاون.
رۆژی شەممە، 16ـی ئایاری 2026، سەرکەوت کاڕەش، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "خنکان ئەم ساڵ زیادی کردووە، ئەمەش ئاماژەیەکی باش نییە، چونکە هێشتا وەرزی هاوین نەهاتووە کە تێیدا زۆرترین حاڵەتی خنکان تۆمار دەکرێن."
بەپێی ئامارەکانی گوتەبێژی بەرگریی شارستانی، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە تاوەکو ئێستا 21 کەس لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان خنکاون، لەکاتێکدا لە تەواوی پار 63 کەس خنکابوون.
موقەدەم سەرکەوت کاڕەش وردەکاریی شوێنی رووداوەکانی خستەڕوو:
زاخۆ: 5 کەس
سۆران: 4 کەس
هەڵەبجە: 1 کەس
سنووری پارێزگای هەولێر: 11 کەس
لەبارەی رێکارە نوێیەکانیش بۆ رێگریکردن لە زیادبوونی خنکان، گوتەبێژی بەرگریی شارستانی گوتی: "داوا لەو کەسانە دەکەین کە شارەزایی شوێنێک نین مەلەی لێ نەکەن. رێکارەکانمان تووندتر دەکەین، هۆشیاریی زیاتر بڵاودەکەینەوە و مەلەکردن لە زۆربەی شوێنە گەشتیارییەکان و ئەو شوێنانەی ئاوەکەیان قووڵە قەدەخە دەکەین."
ساڵانە لەگەڵ گەرمبوونی کەشوهەوا، هاووڵاتییان بۆ کات بەسەربردن و مەلەکردن روو لە رووبار و بەنداوەکان دەکەن، بەڵام بەشێکیان بەهۆی پابەندنەبوون بە رێنماییەکان و نەشارەزایی لە مەلەکردن، دەبنە قوربانی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ