فراکسیۆنی هەڵوێست: پەیوەندییمان پێوەکراوە بۆ دروستکردنی بەرەیەکی ئۆپۆزیسیۆن لە عێراق

49 خولەک له‌مه‌وپێش
ئەحمەد حەمید
ئەحمەد حەمید
د. رێبوار کەریم، سەرۆکی فراکسیۆنی هەڵوێست لە پەرلەمانی عێراق
د. رێبوار کەریم، سەرۆکی فراکسیۆنی هەڵوێست لە پەرلەمانی عێراق
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی فراکسیۆنی هەڵوێست لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، بڕیاری کۆتاییان نەداوە لەبارەی بوون بە ئۆپۆزیسیۆن یان بەشداریکردن لە حکومەتی نوێی عێراق. گوتیشی، پەیوەندییان پێوەکراوە بۆ دروستکردنی بەرەیەکی ئۆپۆزیسیۆن لە عێراق، بەڵام ئەوان وەک سێ لایەنی (هەڵوێست، یەکگرتوو و کۆمەڵ) پێکەوە بڕیار دەدەن.
 
د. رێبوار کەریم لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداودا کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، رایگەیاند،عەلی زەیدی داوای لێکردوون پەلە لە بڕیاردان نەکەن و خۆی لەگەڵیان دادەنیشێتەوە. باسی لەوەش کرد، زەیدی پێی گوتوون: "حەز دەکەم ئێوە پشتیوانی حکومەتەکەم بکەن، لەبەر ئەوەی ئێوە نزیکەی 400 هەزار دەنگتان هەیە."
 
سەبارەت بە داواکارییەکانیان، د. رێبوار کەریم روونیکردەوە، 20 خاڵیان ئاراستەی لیژنەی پێکهێنانی حکومەت کردووە و پێیان گوتووە: "ئەوەی لای ئێمە زۆر گرنگە بریتییە لە بەرنامە حکومییەکەت."
 
فراکسیۆنی هەڵوێست، پێیوایە بەرکەوتەی هەڵبژاردنیان لە وەزارەتی ژینگە زیاترە، بەڵام د. رێبوار کەریم دەڵێت: "وەزارەت لای ئێمە ئامانج نییە و هەموو شتێکی بۆ رادەست ناکەین، خەڵکی کوردستان دڵنیابێت ئێمە ناچین هەموو شتێک هەڕاج بکەین لەپێناو ئەوەی پۆستێک وەربگرین."
 
ناوبراو ئاماژەی بە قسەیەکی نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا کرد لە یەکێک لە کۆبوونەوەکاندا و گوتی: "نووری مالیکی گوتی، تەنیا هێز کە هیچ گومانێکی لەسەر نییە، ئەم 10 کەسەن، چونکە نە سەرۆککۆماریان هەیە، نە جێگری دووەمی سەرۆک پەرلەمانیان هەیە، نە بریکاری وەزیریان هەیە."
 
د. رێبوار کەریم ئاشکراشی کرد، دوای دانیشتنی دەنگدان بە کابینەی حکومەت، پەیوەندییان پێوە کراوە بۆ دروستکردنی بەرەیەکی ناڕازی لە حکومەت. گوتی: "پەیوەندی هەیە لەسەر ئەوەی کە بەرەیەک دروست بکرێت کە ناڕازییە لەم حکومەتە، بەڵام وەڵاممان نەداوەتەوە، چونکە دەبێت گفتوگۆی بکەین."
 
سەبارەت بە پرسی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان، سەرۆکی فراکسیۆنی هەڵوێست هۆشداری دەدات لەوەی کە چوونە پاڵ هەر یەکێک لە پارتی و یەکێتی بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان، "دابەشکردنی کوردستانی لێ دروست دەبێت و دابەشکردنی کوردستانیش زەبریەکی گەورەی مێژووییە." ئەو پێی وایە باشترین چارەسەر رێککەوتنی نێوان پارتی و یەکێتییە.
 
رۆژی شەممە 16/5/2026 عەلی زەیدی، وەکو سەرۆکوەزیرانی عێراق دەستبەکار بوو، دوای ئەوەی رۆژی پێنج شەممە 14/5/2026 بەشێکی وەزارەتەکانی لە پەرلەمانی عێراق متمانەیان پێدرا.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە