رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی دەزگای ناوەندی پێوانەسازی و کۆنترۆڵی جۆری لە عێراق دەڵێت، دەزگاکەیان نوێنەری لە فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان نییە.
فەیاز دلێمی، رۆژی شەممە، 16ی ئایاری 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هاوردەکردنی زێڕ لە عێراق تەنیا لە رێگەی فڕۆکەخانەکانەوەیە. فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان لەژێر رێکارەکانی دەزگاکەماندا نین و نوێنەرمان لەوێ نین".
فڕۆکەخانەکانی عێراق و باشووری کوردستان کە زێڕیان لێوە هاوردە دەکرێ، بریتین لە بەغدا، بەسرە، نەجەف، کەرکووک، هەولێر و جەلال تاڵەبانی (سلێمانی).
دەزگای ناوەندی پێوانەسازی و کۆنترۆڵی جۆری لە عێراق ئاماژەی بەوەشکرد: "ئەو چوار تۆنە زێڕەی لە چوار مانگی ئەم ساڵدا هاوردەی عێراق کراوە، هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە".
فەیاز دلێمی، رۆژی 10ی ئایاری 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "95%ی زێڕی هاوردەکراو لە ئیمارات و 5%کەی دیکە لە تورکیاوەیە".
سەرۆکی دەزگای ناوەندی بۆ پێوانەسازی و کۆنترۆڵی جۆریی عێراق رایگەیاند، کاری یەکەی پشکنین لە فڕۆکەخانەکان بە درێژایی 24 کاژێر بەردەوامە بۆ خێراکردنی رێکارەکانی پشکنین، مۆرکردن و رێگری لە هەر دواکەوتنێکی ئەو بارانەی دەگەنە عێراق.
پێشتر بەهۆی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، کە لە 28ی شوبات دەستیپێکرد، بۆ زیاتر لە 40 رۆژ ئاسمانی عێراق داخرا، دواتر هاوردەکردنی زێڕ دەستیپێکردەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ