رووداو دیجیتاڵ
دوای تێپەڕبوونی نزیکەی 6 مانگ بەسەر دەرکردنی پڕۆژەیاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕشی هەڵوەشاوە و گەڕاندنەوەی زەوییەکان، هێشتا یاساکە جێبەجێ نەکراوە. بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی زەوییە کشتوکاڵییەکان دەڵێت، لە قۆناخی کۆتاییدایە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 16ـی تەممووزی 2025، عەلی شەمەری، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی زەوییە کشتوکاڵییەکان لە وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە 8ـی مانگی ئایار، لیژنەیەک بۆ داڕشتنی رێنماییەکانی جێبەجێکردنی یاسای گەڕاندنەوەی موڵک و ماڵ بۆ خاوەنە رەسەنەکانیان پێکهێنرا، نزیکەی دوو مانگە خەریکی داڕشتنەوەی رەشنووسن بۆ جێبەجێکردنی یاساکە."
لیژنەکە بە سەرۆکایەتیی نوێنەری فەرمانگەی یاسایی لە ئەمیندارییەتی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیران پێکهێندراوە. ئەندامانی لیژنەکەش نوێنەرانی وەزارەتەکانی دارایی، داد (فەرمانگەی تۆمارکردنی خانووبەرە)، کشتوکاڵ و پارێزگای کەرکووکە.
عەلی شەمەری گوتی، "دوای چەندین دانیشتن، ئێستا لە قۆناخەکانی کۆتایی ئامادەکردنی رەشنووسی کۆتایی رێنماییەکانن و دوای ئەوە رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیرانی دەکەن بۆ بڕیاردان لەسەری."
هاوکات، محەممەد ئەمین، نوێنەری جووتیارانی سەرگەڕان بە رووداوی گوت، "هەمیشە گوشار دەکەین بۆ ئەوەی لە ئەنجوومەنی وەزیراندا پەلە بکرێت بۆ بەزوویی جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە و لەوێش بەڵێنمان پێدراوە کە لە زووترین کاتدا جێبەجێی بکەن."
یەکێکی دیکە لە داواکارییەکانی جووتیارانی سنووری مادەی 140، جێبەجێ کردنی بڕیاری ژمارە 29ـی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقە، کە ئەنجوومەنەکە لە 24-01-2012دا دەریکردووە و لەم دوو خاڵە پێکدێت:
- هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم بڕیارەکانی لیژنەی کاروباری باکووری هەڵوەشاوە کە پەیوەندییان بە سڕینەوەی مافی مامەڵەکردن بە زەوییە کشتوکاڵییەکانی ئەو کەسانەوە هەیە کە عەرەب نین، لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم ئەو گرێبەستانەی لەگەڵیان کراوە کە لە راسپاردەکانی لیژنەی جێبەجێکردنی مادەی 140ـی دەستووری عێراق هاتووە.
- قەرەبووکردنەوەی ئەو کەسانەی لە هەڵوەشاندنەوەی بڕگەی یەکەم زەرەمەند دەبن.
نوێنەری جووتیارانی سەرگەڕان گوتی، "زانیاریمان پێگەیشتووە کە رەشنووسی جێبەجێکردنی بڕیاری ژمارە 29 گەیشتووەتە فەرمانگەی کشتوکاڵی کەرکووک و تەنیا جێبەجێ کردنی ماوە."
دوای چەندین جار دواخستن بەهۆی ناکۆکیی نێوان لایەنە سیاسییەکانەوە، پەرلەمانی عێراق لە 21ـی کانوونی دووەمی 2025 پڕۆژەیاسای گەڕاندنەوەی زەوییەکانی بۆ خاوەنەکانیان پەسند کرد و بووە یاسا، بەڵام تاوەکو ئێستا بەهۆی نەبوونی رێنمایی جێبەجێکردن، یاساکە جێبەجێ نەکراوە.
ئەم یاسایە تایبەتە بە گەڕاندنەوەی ئەو موڵک و ماڵانەی کە بەپێی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕشی رژێمی پێشووی بەعس دەستیان بەسەردا گیرابوو، بە تایبەتی کاریگەری لەسەر نزیکەی 300 هەزار دۆنم زەوی کورد و تورکمان لە کەرکووک هەیە.
سێ لە گرنگترین بڕیارە هەڵوەشاوەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕشی رژێمی پێشووی عێراق ئەمانەن:
- بڕیاری ژمارە 369ـی ساڵی 1975: ئەم بڕیارە سنوورەکانی دووبز، تۆپزاوە، بەشێک لە داقووق و لەیلان دەگرێتەوە؛ کۆی گشتی 123 هەزار دۆنم زەوییە.
- بڕیاری ژمارە 824ـی ساڵی 1976: ئەم بڕیارە زیاتر لە 9 گوندی ناوچەی داقووق دەگرێتەوە کە زەوییەکانی شێخەکانی تاڵەبانین و نزیکەی 38 هەزار دۆنم زەویین.
- بڕیاری ژمارە 949ـی ساڵی 1977: ئەم بڕیارە 10 گوند لە سنووری سەرگەڕان و 2 گوند لە سنووری پردێ دەگرێتەوە؛ کۆی گشتی 44 هەزار دۆنم زەوییە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ