وەزارەتی ناوخۆ: هەفتەی داهاتوو وەڵامی حکومەتی عێراق لەبارەی نەخشەی هەڵەبجە دەدەینەوە

16-08-2023
نەهرۆ محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

پەرلەمانی عێراق بۆ پەسندکردنی پرۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە چاوەڕێی حکومەتی هەرێمی کوردستانە. سەرۆکی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەڵێت، هەفتەی داهاتوو وەڵام دەدەنەوە. 
 
شێروان دووبەردانی، ئەندامی لیژنەی هەرێم و پارێزگاکان لە پەرلەمانی عێراق رۆژی چوارشەممە 16-08-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پرۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە تەنیا دەنگدانی ماوە. وردەکاری پڕۆژەکە رەوانەی هەرێمی کوردستانمان کراوە بۆ ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە دیاریکراویش وەزارەتی ناوخۆ بۆچوونیان لەبارەی نەخشەی پارێزگای هەڵەبجە بدەن، بەڵام تائێستا وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان وەڵامی نەداوینەتەوە. هەر کاتێک وەڵامەکەمان بەدەستگەیشت، پرۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە دەخرێتە بەرنامەی کاری پەرلەمانەوە و دەنگی لەسەر دەدرێت." 
 
هەر لەو بارەوە، هێمن میرانی، سەرۆکی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان رۆژی چوارشەممە 16-08-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، "وەزارەتی پلاندانانی عێراق نەخشەی جوگرافیای پارێزگای هەڵەبجەی بۆ ناردووین، ئەوەش دوای ئەوەی خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆ کرا لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە."
 
سەرۆکی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "هیچ گرفتێکمان لەگەڵ ئەو نەخشەیەدا نییە، تەنیا هەندێک کێشەی تەکنیکی هەن و لەگەڵ پاریزگاری هەڵەبجەش لەسەر هێڵین بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەو وردەکارییانە. هەفتەی داهاتووش هەموو وردەکارییەکە تەواو دەبێت و وەڵامی حکومەتی عێراق دەدەینەوە." 
 
لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق رۆژی سێشەممە 16-08-2023 پەیامێکی ئاراستەی محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کرد و گوتی، "شاری هەڵەبجە یەکێکە لە هێماکانی رووبەڕووبوونەوەی رژێمی ستەمکاری پێشوو؛ خەڵکەکەی رووبەڕووی کۆمەڵکوژی یەک لەدوای یەک بوونەتەوە و کاروانێک شەهیدیان لەو رێگەیەشدا بەخشیوە." 
 
بەپێی راگەیێندراوێکی رۆژی سێشەممە 15-08-2023 نووسینگەی سەرۆککۆماری عێراق، لەتیف رەشید جەخت لەوە دەکاتەوە کە"پێویستە پرۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە بخرێتە نێو ئەجێندای کارەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە بۆ دەنگدان لەسەری و پەسندکردنی پرۆژەیاساکە و بڵاوکردنەوەی لە رۆژنامەی فەرمیدا."  
 
بەپارێزگابوونی هەڵەبجە 10 ساڵ زیاترە لە هەرێمی کوردستانەوە کاری بۆ دەکرێت، بەڵام هەرجارە و بە هۆکارێک هەڵپەسێردراوە.  
 
هەوڵەکان لە سەرەتای ساڵی 2013ـەوە لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی هەرێمی کوردستان دەستیانپێکرد و رەشنووسی یاساکەشی بۆ بەغدا نارد، بەڵام ناکۆکییەکانی سوننە و شیعە و هۆکاری دیکە رێگربوون لە پەسندکردنی لە پەرلەمان. 
 
ئێستا ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رەشنووسی بەپارێزگاکردنی هەڵەبجەی رەوانەی پەرلەمان کردووەتەوە و چاوەڕوان دەکرێت کورد و بەشێک لە لیستەکانی دیکەی نێو پەرلەمان، هەڵەبجە بکەنە پارێزگای ژمارە 4ـی هەرێمی کوردستان و 19ـی عێراق.  
 
‌هەڵەبجە لە کۆنترین قەزاکانە، لە سەردەمی عوسمانییەکاندا و پێش دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق، لە ساڵی 1889 کراوەتە قەزا و وەسمان پاشای جافی هاوژینی عادیلە خانم، یەکەم قایمقامی قەزاکە بووە.
 
ژمارەی دانیشتووانی هەڵەبجە زیاتر لە 135 هەزار کەسە. پارێزگاکە لە قەزایەک و چوار ناحیە پێکهاتووە؛ قەزای ناوەندی هەڵەبجە و ناحیەکانی خورماڵ، بیارە، بەمۆ و سیروان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەی دوو گەنجە نابیناکەی عەفرین

''لە بینایی چاوەکانم ئازیزترە"؛ چیرۆکی دوو برای نابینا کە خەونی گەڕانەوە بۆ عەفرین دەبینن

وڵات و خەلیل دوو هاونیشتمانیی نابینای خەڵکی عەفرینن، بە هەستێکی پڕ لە حەسرەتەوە باس لە خەونی گەڕانەوەیان بۆ شارەکەیان دەکەن و دەڵێن، دەیانەوێ بگەڕێنەوە عەفرین، ''چونکە عەفرین لە بینایی چاومان ئازیزترە."