رووداو دیجیتاڵ
تەرمی ئەو دوو پێشمەرگەیەی کە دوێنێ لە سنووری ناحیەی دینارتە بەهۆی تەقینەوەی تی ئێن تییەک شەهیدبوون، لە پزیشکی دادی دەهۆکەوە گواسترانەوە گۆڕستانی شاخکێ و لەوێ لە رێوڕەسمێکدا بەخاک دەسپێردرێن. پارێزگاری دهۆکیش پەیامێک بۆ ئەوانەی دەنێرێت کە بوونە هۆکاری شەهیدبوونی ئەو پێشمەرگانە و دەڵێت، ئەگەر پیاون با بەرگری لە خاکێکی داگیرکراو بکەن نەک ئازادکراو.
نایف رەمەزان، پەیامنێری رووداو لە دهۆک رایگەیاند: رۆژی چوارشەممە 15-09-2021، لە گوندى کانى تۆزی سەر بە شارۆچکەی دینارتە تی ئێن تییەک بە کاروانێکى پێشمەرگەدا دەتەقیەوە و لە ئەنجامدا دوو پێشمەرگە شەهید بوون.
دوابەدوای رووداوەکە پەیجی دژەتیرۆری کوردستان لە فەیسبووک نووسیویەتی: "لە ئاکامی تەقینەوەی بۆمبێکی چێندراو بە ئۆتۆمبێلێکی پێشمەرگەدا دوو پێشمەرگە شەهیددەبن".
بە گوێرەی زانیارییەکانی پەیجی دژە تیرۆری کوردستان "کەمێک بەر لە ئێستا لە نێوان گوندی کانی تۆز و نێرکێ لە ناحیەی دینارتە، بۆمبێکی چێندراو کە لەلایەن تیرۆریستانی پەکەکەوە دانرابوو بە ئۆتۆمبێلێکی پێشمەرگەدا دەتەقێتەوە و لە ئاکامدا دوو پێشمەرگە شەهید دەبن".
ئەو دوو پێشمەرگەیەی شەهیدبوون ناویان حەمدی جابر محەممەد و ئیسماعیل عوسمانە کە هەردووکیان خەڵکی قامشلۆن لە رۆژئاوای کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە لەسەر لەسەر داخوازی ماڵباتەکانیان لە باشووری کوردستان بە دیاریکراویش لە گۆڕستانی شاخکێ لە پارێزگای دهۆک بە ئامادەبوونی کەسوکارەکانیان و پارێزگاری دهۆک و بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی دهۆک و ژمارەیەک لە ئەفسەرانی پێشمەرگە لە رێوڕەسمێکدا بەخاک دەسپێردرێن.
لەمیانی بەڕێکردنی تەرمی ئەو دوو شەهیدەی پێشمەرگە لەبەردەم پزیشکی دادی دهۆک، د.عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک، قسەی بۆ نایف رەمەزان، پەیامنێری رووداو لە دهۆک کرد و گوتی "جێی داخە کە دەبینین ئەمڕۆ پێشمەرگەکانی کوردستان بە دەست دووژمنانی گەلی کوردستان شەهید ببن، لەلایەن هەندێک کەسەوە کە لە دایک و بابێکی کوردیش لە دایک بوونە".
عەلی تەتەر دەڵێت: "ئەمە جاری یەکەم نییە، بەڵکو ئەمە چەندمین جارە هێزێکی دەرەوەی یاسا کە بەشێکی گەورەی هەرێمی کوردستانی بە شێوەیەکی نایاسایی داگیرکردووە و کاری ترسنۆکانە و تیرۆریستی ئەنجام دەدەن".
پارێزگاری دهۆک دەشڵێت: "بە تووندی ئەو کارە شەرمەزار دەکەین هەر کەس و هەر لایەنێک بێت، لەناو هەرێمی کوردستان خاکی ئازادکراو کە سەتان هەزار شەهیدمان بۆ ئەو خاکە داوە تاوەکو میللەتی ئێمە تێیدا بەسەربەزی بژیت، بەداخەوە دەبینین بەو شێوەیە هەڵسوکەوتی لەگەڵ دەکرێت. بە کورتی پێیان دەڵێم ئەگەر پیاون گۆڕەپانیان دیارە فەرموون با بچنە گۆڕەپانی خۆیان، بەرگری لەوێ دەکرێت نەک لەناو خاکی ئازادکراوی هەرێمی کوردستان، لێرە بەرگری با نەکەن چونکە کوردستان ئازادکراوە، بەرگری لە شوێنێکی داگیرکراو دەکرێت، فەرموون ئەو شوێنەی کە داگیرکراوە بچین بەگری لێبکەن".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ