رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرکۆنسوڵی ئێران لە هەولێر دەڵێت، وادەی جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئەمنیی نێوان بەغدا و تاران درێژ ناکرێتەوە و سوورن لەسەر جێبەجێکردنی تاوەکو 19ی ئەیلوولی 2023.
رۆژی شەممە، 16ـی ئەیلوولی 2023، سەید هاشمی، بەڕێوەبەری نووسینگەی نەسروڵڵا رەشنوودی، کۆنسوڵی گشتیی ئێران لە هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە هەندێک لە میدیا کوردییەکاندا هەواڵێکی بڵاوکراوەتەوە سەبارەت درێژکردنەوەی کاتی چەک داماڵین کە لە رێککەوتنی ئەمنی ئێران و عێراق دا هاتووە سەبارەت بە چەک داماڵینی گرووپەکان. ئێمە رایدەگەیێنین کە ئەو هەواڵە بێ بنەما و ناڕاستە و هیچ جۆرە درێژکردنەوەیەک نەکراوە و کۆماری ئیسلامی ئێران سوورە لەسەر هەمان رێککەوت کە رایگەیاندووە و ئەویش" 19ـی ئەیلوولی 2023ـە.
سێ رۆژ ماوە بۆ ئەو وادەیەی ئێران بۆ "چەککردن و گواستنەوە"ی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دایناوە. بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، لە 13ی ئەیلوولەوە بارەگا حیزبیەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لەنێو خاکی هەرێمی کوردستان و لەسەر سنوور چۆڵکراون، هێزی پاسەوانیی سنوور جێگەی ئەوانیان گرتووەتەوە لە ناوچە سنوورییەکان. هەروەها چەکە قورسەکانیش هەر لەو شوێنانە تەقێندراونەتەوە لەسەر سنوور.
هەر ئەمڕۆ شەممە، بەرپرسێکی باڵا لە حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "هیچ هێزێکمان لە سنوور نەماوە و کشاوینەتەوە؛ زۆر زۆر لە ناوچە سنوورییەکان دوور کەوتووینەتەوە".
ئەو شوێنانەی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان پێشتر تێیاندا بوون و ئێستا چۆڵیانکردوون لە سنووری قەزای سیدەکانن لە پارێزگای هەولێر، بە تایبەتی لە گەرووی زین و بەربزێن و ئێستا هێزی پاسەوانی سنوور تێیدا جێگیر بووە.
رۆژی 19ی ئاداری 2023 عەلی شەمخانی، سکرتێری ئەوکاتی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران و قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە بەغدا رێککەوتنی ئەمنیی نێوان هەردوو وڵاتیان واژۆ کرد و یەکێک لە خاڵەکانی تایبەت بوو بە دوورخستنەوەی هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە سنووری نێوان هەرێمی کوردستان و رۆژهەڵاتی کوردستان.
فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق رۆژی چوارشەممە، 13ی ئەیلوول گەیشتە تاران و لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران دا کۆبووەوە و گوتی، لە دوایین قۆناخی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکەدان، گوتیشی، "گرووپە جیاوازەکان لە سنووری عێراق و ئێران لە چەک داماڵدراون، کەمپ دروستکراوە و دەبێتە کەمپی پەنابەران. ئەو کەمپانە لە داهاتوودا لەلایەن ئاژانسی پەنابەرانی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان یان کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە بەڕێوەدەبرێن".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ