رووداو دیجیتاڵ
بەپێی نووسراوێکی سەرۆکایەتیی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کە واژۆی د. ئومید سەباح، سەرۆکی دیوانی لەسەرە، سەرۆکوەزیران رەزامەندی داوە 20٪ـی داهاتی دەروازەی نێودەوڵەتی کێلێ بۆ پڕۆژەکانی سنووری قەزای پشدەر خەرج بکرێت.
لە نووسراوەکەدا کە ئاراستەی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین کراوە، هاتووەکە ئەو پارەیە بەشێوەی نەختینەیی مانگانە دەدرێت "بە مەبەستی تەواوکردنی پرۆژە بەردەوام و وەستاوەکانی سنووری قەزای پشدەر لە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین".
ئەمڕۆ پێنجشەممە 16ی تشرینی یەکەمی 2025، هیوا قەرەنی، سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەڕین، بە رووداوی راگەیاند: " پێشنیازمان ئاراستەی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران کرد،کە چەندین پڕۆژەمان هەبووە، کە قەرزیشیان لەسەر بووە، بەڵام بەهۆی کێشەی نەختینەییەوە گرفت بۆ جێبەجێکردنیان دروست ببوو، کە 20%ی داهاتی ئەو دەروازەیە بۆ پڕۆژەکانی سنووری قەزاکە تەرخان بکرێت."
هیوا قەرەنی گوتیشی "خۆشبەختانە، لە سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران و دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، دوای ئەوەی یاداشتی فەرمی ئاراستەی سەرۆکی حکومەت و جێگری سەرۆکی حکومەت کرا، هەردوولا رەزامەندییان لەسەر ئەو بابەتە دەربڕی و بڕیارەکە چووە بواری جێبەجێکردنەوە"
بە گوتەی سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەڕین پڕۆژە نوێ و تەواونەکراوەکانی سنووری پشدەر، ژمارەیان زیاتر لە 30 پڕۆژەیە.
هێوا قەرەنی دەشڵێت: "جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە دەرفەتێکی زۆر باش بۆ پشدەر و خزمەتکردنی خەڵکی سنووری راپەڕین دەڕەخسێنێت".
دەروازەی کێلێ یەکێکە لە دەروازە سنوورییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێران، کە دەکەوێتە نێوان شارەکانی قەڵادزێ و سەردەشت. لە رووی کارگێڕییەوە سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕینە.

کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ