کوردستان
دیمەنی ئەو شتانەی بە چوار کەسەکە گیراون و لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان بڵاوکراوەتەوە.
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان رایگەیاند، چوار تۆمەتباریان دەستگیرکردووە کە کیلۆیەک مادەی هۆشبەریان پێبووە.
رۆژی پێنجشەممە 16-11-2023 بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان کە سەر بە ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستانە رایگەیاند، "لە بەردەوامی هەوڵەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکەمان لە بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان، لە رێککەوتی 15-11-2023 لە ئەنجامی کۆکردنەوەی زانیاری و بەدواداچوونی ورد و بەردەوام، دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش، لە چالاکییەکی سەرکەوتوودا، توانرا چوار تۆمەتباری "مەترسیدار" دەستگیربکرێن کە کاری بازرگانی و کڕین و فرۆشتنیان بە مادەی هۆشبەرەوە دەکرد."
بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەدا "لەو چالاکییەدا بڕی یەک کیلۆگرام مادەی هۆشبەر لە جۆرەکانی هیرۆین و کریستاڵ و جامایکا دەستیان بەسەردا گیرا."
پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ تۆمەتباران کراوەتەوە و "بەپێی یاسای بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان رووبەروی یاسا دەکرێنەوە."
رۆژی 13-11-2023، بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان لە راگەیێندراوێکدا دەستگیرکردنی پێنج تۆمەتباری بە تۆمەتی کڕین و فرۆشتنی مادەی هۆشبەرەوە راگەیاند. گوتیشی، لە چالاکییەکەدا یەک کیلۆگرام مادەی هۆشبەر لە جۆرەکانی (کریستاڵ و جامایکا)، دەستی بەسەرداگیراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ