رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق پیرۆزبایی لە هاندەرانی یانەی زاخۆ دەکات بەبۆنەی بردنەوەی خەڵاتی فیفا. هەر لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقدا بڕیاردرا بە نۆژەنکردنەوەی پەرستگای لالش و سزادانی چەند بەرپرسێک بەهۆی هەڵەیەک لە رۆژنامەی وەقائیعی عێراقی.
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسنگەکەی، ئەمڕۆ سێشەممە (16-12-2025)، محەممەد شیاع سوودانی سەرپەرشتیی 50ـەمین دانیشتنی ئاسایی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی کرد. لە دەستپێکی دانیشتنەکەدا سوودانی پیرۆزبایی لە هاندەرانی یانەی زاخۆ کرد بەبۆنەی بردنەوەی خەڵاتی باشترین هاندەری فیفا بۆ ساڵی 2025؛ هەروەها سوپاسی هاندەران و کۆمەڵەی یانە وەرزشییەکانی کرد کە بەدەم بانگەوازەکەیەوە چوون بۆ دەنگدان بە یانەکە.
نۆژەنکردنەوەی پەرستگای لالش
هەر لە کۆبوونەوەکەدا ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رەزامەندی دا لەسەر ئەوەی وەزارەتی پلاندانان پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی پەرستگای لالش بخاتە بواری جێبەجێکردنەوە.
پڕۆژەکە لە چوارچێوەی پڕۆژەکانی دیوانی ئەوقافی کریستیان و ئێزدی و سابیئەی مەندائی دەبێت و لەلایەن یەکێک لە کۆمپانیاکانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەوە جێبەجێ دەکرێ.
سزادانی ژمارەیەک بەرپرس
سەبارەت بەو هەڵەیەی لە رۆژنامەی فەرمیی (وەقائیعی عێراقی) لە ژمارە 4848ـی رۆژی 17ی تشرینی دووەمی 2025 کرابوو کە تایبەت بوو بە بڕیاری لیژنەی سڕکردنی پارەی "تیرۆریستان"، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق راسپاردەکانی لیژنەی لێکۆڵینەوەی تایبەت بەو دۆسیەیەی پەسند کرد.
سزاکان بریتی بوون لە سزای کارگێڕی، دوورخستنەوەی ژمارەیەک لە بەرپرسە پەیوەندیدارەکان و گواستنەوەی ژمارەیەکی دیکەیان.
چاکسازیی ئابووری و پرسی وزە
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق راسپاردەکانی ئەنجوومەنی وەزاریی بۆ ئابووری پەسند کرد کە تایبەتن بە رێکارەکانی کەمکردنەوەی خەرجیی حکومەت و زیادکردنی داهات. لە کەرتی کارەباشدا، بڕیاردرا دەسەڵات بدرێتە پارێزگارەکان بۆ پرسی وەبەرهێنان لە وزەی نوێبووەوە و تەرخانکردنی زەوی بۆ ئەو پڕۆژانە.
تەرخانکردنی پارە بۆ راهێنانی ژنان
حکومەت بڕیاریدا بڕی یەک ملیۆن و 50 هەزار دۆلار بۆ پڕۆژەی راهێنانی ژنان لە کەرتەکانی ئەمنی و دادوەری تەرخان بکات، هەروەها یەک ملیۆن دۆلاری بۆ بەهێزکردنی پێگەی عێراق لە هەوڵە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر تەرخان کرد.
هاوکات ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رەزامەندی لەسەر زیادکردنی تێچوو و تەواوکردنی ژمارەیەک پڕۆژەی ژێرخانی لە پارێزگاکانی زیقار، بابل، ئەنبار، بەغدا، بەسرە، سەڵاحەدین و نەینەوا دا کە سێکتەرەکانی کارەبا، ئاو، ئاوەڕۆ، رێگەوبان و دروستکردنی بنکەی پۆلیس دەگرنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ