شادی نەوزاد سکاڵا لەسەر شاسوار عەبدولواحید تۆماردەکات

17-01-2020
فەلاح نەجم
نیشانەکردن نەوەی نوێ پەرلەمانی کوردستان
A+ A-
رووداو-هەولێر

پەرلەمانتارێکی پێشووی نەوەی نوێ رایدەگەیێنێت، لەبەرامبەر بەكارهێنانی چەمكی نائەخلاقی دژی ژنی كورد، من داوای یاسایی لە دادگا دژی شاسوار عەبدولواحید تۆمار دەكەم. ئەو دەڵیت، شاسوار عەبدولواحید بەهۆی قەرزەکانی حکومەت لەلای دژی یاسای چاکسازی بوو.
 
شادی نەوزاد پەرلەمانتاری پێشووی نەوەی نوێ کە رۆژی 15-1-2020 لە نامەیەکدا وازهێنانی خۆی لە فراکسیۆنی نەوەی نوێ بە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان راگەیاندووە، لەبەرامبەر ئەو کۆمێنتانەی شاسوار عەبدولواحید لە فەیسبووکی خۆی لەسەری نووسیوە سکاڵا لەسەر سەرۆکی نەوەی نوێ تۆمار دەکات.
 
شادی نەوزاد سکاڵاکەی لەسەر ئەو کۆمێنتانەیە کە شاسوار عەبدولواحید لە فەیسبووکی خۆی لەوەڵامی چەند کەسێک نووسیویەتی و دەڵێت: "لە وەڵامی كۆمێنتی فەیسبووكی هاووڵاتیەكدا بێ شەرمانە لەسەر منی نووسیوە و لە كۆمێنتێكی دیکەدا تۆمەتی ئەخلاقی داوەتە پاڵم".
 
ئەو پەرلەمانتارەی کوردستان کە ئێستا سەربەخۆ کاردەکات دەڵێت: "‎لە پێناو گەڕانەوەی شكۆ بۆ سیاسەت و دانەبەزاندنی ئاستی ململانێی سیاسی بۆ ئاستێكی وەها بێ ئابڕوو، وەكوو مافێكی خۆم و دژی ئەو عەقڵیەتە پیاوسالارییەو بەكارهێنانی چەمكی نائەخلاقی دژی ژنی كورد، من داوای یاسایی لە دادگا دژی شاسوار عەبدولواحید تۆمار دەكەم و یاسا دەكەمە سەنگی مەحەك".
 
گرژییەکانی نێوان ئەو پەرلەمانتارە و جووڵانەوەی نەوەی نوێ دوای ئەوە دەستیپێکرد کە شادی نەوزاد پێچەوانەی فراکسیۆنی نەوەی نوێ دەنگی بە پرۆژەیاسای چاکسازی دا. شادی نەوزاد سەبارەت بە ناڕەزایەتییەکانی نەوەی نوێ لە یاسای چاکسازی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بە هۆی جیگیركردنی ئەو خاڵەی كە پەیوەستە بە وەرگرتنەوەی قەرزی حكومەت لای كۆمپانیاكان، كە شاسوار و كۆمپانیاكانی نالیا زیاتر لە 52 ملیۆن دۆلار قەرزارن، شاسوار لە ژێرەوە كەوتە سەفەقاتی بازرگانی - سیاسی بەهیوای ئەوەی ئەو خاڵە لە پرۆژەكەدا نەچەسپێت. ‎من لە نزیكەوە ئاگام لە جمووجۆڵ و مامەڵەكانی بوو، بەڵام كە نەیتوانی قەناعەت بە ئەندامەكانی دیکەی فراكسیۆنەكان بكات، ناچار ئەندامەكانی نەوەی نوێی لە هۆڵی پەرلەمان هێنایە دەرەوەو موزایەدەیەكی موزەیەفی دەستپێكرد".
 
رۆژی پێنجشەممە ئەنجوومەنی سیاسیی نەوەی نوێ، راگەیێندراوێکی لەسەر شادی نەوزاد بڵاوکردەوە و رایگەیاند:  "ئەمڕۆ پێچەوانەی سیاسەت و ستراتیژی جوڵانەوەکە شادی نەوزاد، خیانەتی لە خودا و لە سوێندەکەی و لە دەنگدەران و هاووڵاتییان کرد، پەرلەمانتار شادی نەوزاد دەنگیدا بە خانەنشینیی پەرلەمانتاران و پلە باڵاکان. بۆیە لەپێناو هێشتنەوەی ئەخلاقی سیاسیی و رێزگرتن لە هاوڵاتییان و دەنگدەرانمان، ئەنجوومەنی سیاسیی جوڵانەوەکە بڕیاریدا بە دەرکردنی پەرلەمانتار (شادی نەوزاد) لە فراکسیۆنی نەوەی نوێ".
 
لەبەرامبەردا شادی نەوزاد بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "نەوەی نوێ ناتوانێ من دەربکات لەبەر ئەوەی رۆژی رابردوو جیابوونەوەی خۆم لە فراکسیۆنی نەوەی نوێ بە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان راگەیاندووە".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە