رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی تورکیا گیانلەدەستدانی 29 شەڕڤانی لە رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر راگەیاند. هەسەدەش دەڵێت، ژمارەیەک سەربازی سوپای تورکیا و چەکداری سوپای نیشتیمانیی سووریایان کوشتووە.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا، رۆژی هەینی 17ی کانوونی دووەمی 2025، لە هەژماری فەرمی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، گیانلەدەستدانی 29 شەڕڤانی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە رێگەی تۆپبارانکردەوە راگەیاند.
وەزارەتە دەشڵێت، لە هەر دۆخێکدا ئۆپەراسیۆنەکانیان بەردەوام دەبن.
هەر ئەمڕۆ ناوەندی راگەیاندنی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) رایگەیاند، دوێنێ پێنجشەممە 16ی کانوونی دووەمی 2025، لە ناوچەی زرگان لە رۆژئاوای کوردستان هێرشیان کردووەتە سەر سوپای تورکیا و سوپای نیشتیمانیی سووریا و لە ئەنجامدا ژمارەیەکی زۆریان لێ کوشتوون و بریندار کردوون.
تورکیا سێ جار لە رێگەی ئۆپەراسیۆنەوە و بە پاساوی پاراستنی ئاسایشی سنوورەکانی، چووەتە رۆژئاوای کوردستان و سووریا.
ئابی 2016، سوپای تورکیا ئۆپەراسیۆنی "قەڵخانی فورات"ـی بەرەو باکووری سووریا دەستپێکرد و ناوچەکانی باب، راعی و عەزازی سەر بە پارێزگای حەلەبی کۆنترۆڵ کرد. تورکیا باسی لەوەکرد ئۆپەراسیۆنەکەی لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی داعش کردووە.
رۆژی 20ـی کانوونی دووەمی 2018، تورکیا و هێزە نزیکەکانی لە ئۆپۆزیسیۆنی ئەو کاتی سووریا لە ئۆپەراسیۆنێکدا بە ناوی ''چڵە زەیتوون'' لەشکرکێشیی کردە سەر عەفرینی رۆژئاوای کوردستان. یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) ماوەی 58 رۆژ بەرگری لە خاکی عەفرین کرد، بەڵام دواجار سوپای تورکیا بە هاوکاریی ئۆپۆزیسیۆنی سووریای نزیکی، عەفرینی داگیرکرد.
سوپای تورکیا و هێزە نزیکەکانی رۆژی 9ـی تشرینی یەکەمی 2019 لە ئۆپەراسیۆنێک دا بە ناوی "کانیی ئاشتی" هێرشیکردە سەر گرێسپی و سەرێکانی لە رۆژئاوای کوردستان و ئەو دوو شارۆچکەیەشی خستە ژێر کۆنترۆڵی خۆی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ