دەم پارتی کات و شوێنی نوێی گردبوونەوە جەماوەرییە دواخراوەکەی لە ئامەد راگەیاند

17-01-2026
هێمن عەساف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، وردەکاریی کات و شوێنی نوێی گردبوونەوە جەماوەرییە دواخراوەکەی بۆ "هیوا و ئازادیی ئۆجەلان" لە ئامەد راگەیاند و بەشداربووانیشی ئاشکرا کرد.
 
بڕیاربوو، دەم پارتی لە رۆژی 4ی کانوونی دووەمی 2026، گردبوونەوەیەکی جەماوەری لەژێر ناونیشانی "هیوا و ئازادی بۆ ئۆجەلان" لە ئامەد رێکبخات، بەڵام بەهۆی خراپیی کەشوهەوا و بەفربارینەوە، بۆ کاتێکی نادیار دوایخست.
 
رێکخستنی گردبوونەوە جەماوەرییەکە لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی دەم پارتی کە شەوی رابردوو 15ی مانگ بەڕێوەچوو، بڕیاری لەسەردرا. بەمەش سەرکردایەتیی دەم پارتی بڕیاریدا رۆژی 25ی مانگ، گردبوونەوە جەماوەرییەکەی لەژێر ناونیشانی "هیوا و ئازادی" و بە درووشمی "چارەسەری ئاشتییانەی پرسی کورد و ئازادییە کۆمەڵایەتییەکان" بکرێت.
 
دەم پارتی روونیکردەوە کە تەوەری سەرەکیی گردبوونەوە جەماوەرییەکە بۆ ئازادیی ئۆجلانە. جەخت لەوەش کراوەتەوە، ئەم هەنگاوە خزمەت بە چارەسەری ئاشتییانەی پرسی کورد، ئازادیی ئایینەکان و بنیاتنانی ئاشتییەکی شکۆمەندانە دەکات. لیژنەی رێکخەر بانگهێشتی "سەتان هەزار کەس کە دڵیان بۆ ئاشتی لێدەدات" کرد، بۆئەوەی بێنە گۆڕەپانی وێستگە.
 
لە گردبوونەوە جەماوەرییەکەدا هەریەک لە خانمە سیاسەتڤانی بەناوبانگی کورد، لەیلا زانا؛ تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی؛ سیاسەتڤانانی کورد وەک چیدەم کڵچگون ئوچار، چەتین ئارکاش، ئایلا ئاکات ئاتا و وەیسی ئاکتاش گوتار پێشکێش دەکەن.
 
گردبوونەوە جەماوەرییەکە لە کاژێر 12:00ی رۆژی 25ی کانوونی دووەمی 2026 لە گۆڕەپانی وێستگە لە ئامەدی باکووری کوردستان بەڕێوەدەچێت. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە