رووداو دیجیتاڵ
جووتیارانی کورد لە سنووری کەرکووک رۆژێکی پڕ لە زەحمەتی و رووبەڕووبوونەوەیان لەگەڵ سوپای عێراق بەڕێکرد، سوپا رێگری لێکردن زەوییەکانیان بکێڵن، بەڵام ئەوان کۆڵیان نەدا، گرژی دروستبوو و ئازاری جووتیاران درا. نوێنەری جووتیارانی کەرکووک دەڵێت، سوپا هیچ پاڵپشتییەکی یاسایی نییە لەوەی رێگرییان لێ بکات. گوتەبێژی سوودانی دەڵێت، لێکۆڵینەوە لە گرژییەکان دەکەن.
نوێنەری جووتیاران: سبەی زەوییەکانمان دەکێڵێن
محەممەد ئەمین، نوێنەری جووتیارانی کەرکووک، لەکاتی هەوڵدان بۆ کێڵانی زەوییەکان، لە لایەن سەربازانی عێراقی پەلاماردرا و سەربازێکی عێراق لەسەر تراکتۆرەوە ملپێچەکەی راکێشا بۆ ئەوەی دایبەزێنێت، بەڵام نەیتوانی.
محەممەد ئەمین، کە دواتر ملپێچەکەی پێشکەشی هەردی محەممەد، پەیامنێری رووداو کرد، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بڕیاری هەموو جووتیاران ئەوەیە کە بەردەوام دەبین، سبەی هەموو تراکتۆرەکان دەهێنین و لێرە کاری پێدەکەین".
رۆژی 21-01-2025 پڕۆژە یاسای گەڕاندنەوەی زەوی بۆ خاوەنەکانیان دەنگی لەسەر درا و بووە یاسا، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ رێکارەکانی ماون و نەچووەتە جێبەجێکردنەوە.
یاساکە تەنیا لە کەرکووک پەیوەندی بە 300 هەزار دۆنم زەویی کورد و تورکمان هەیە. تایبەتە بە گەڕاندنەوەى موڵک و ماڵى ئەو کەسانەى کە بەگوێرەى هەشت بڕیارى ئەنجوومەنى سەرکردایەتیى شۆڕشى دەسەڵاتى پێشوو (بەعس) لێیان داگیرکرابوو.
نوێنەری جووتیارانی کەرکووک جەختی لەوەکردەوە، "هەرچی هێز هەیە بیهێنن و با هەموومان بگرن، ئێمە بڕیارمانداوە چیدیکە رانەوەستین و چاوەڕێی ناکەین، ئیش دەکەین، ئەمە بڕیاری یەکگرتووی هەموو جووتیارەکانە".
محەممەد ئەمین دەڵێت: "دەرفەت نەماوە، بەڵێنی زۆر درا و جێبەجێ نەکرا، بۆیە بڕیارمانداوە، ئیش بکەین و چی دیکە رانەوەستین".
ئەو جووتیارە بەنیازە سبەی سکاڵا لەسەر ئەو سەربازە تۆمار بکات، کە پەلاماری دا. ئەو گوتی: "سکاڵا تۆمار دەکەم، بۆ ئەوەی بزانم چۆن کارمەندێکی هێزی سەربازی بەم شێوەیە پەلاماری هاووڵاتییەک دەدات و مەترسی لەسەر ژیانی دروست دەکات".
محەممەد ئەمین ئاماژەی بە بڕیارێکی پارێزگاری کەرکووک دا، کە بە گوتەی ئەو تەنیا لەو پێنج گوندە، 11 پارچە زەوی هەیە کاری تێدا رابوەستێنرێت، ئەوانی دیکە هەموو کاری تێدا بکرێت، بەڵام سوپای عێراق پابەند نابێت. ئەوەی کێشە و بڕياری دادگەی لەسەرە، تەنیا 910 دۆنم زەوییە، لەم پێنج گوندە، کەچی ئێستا 20 بۆ 25 هەزار دۆنم زەوی وەک سزای بەکۆمەڵ راگیراوە و سوپا رێگەنادەن بکێڵدرێت.
محەممەد ئەمین، نموونە بە پارچە زەوییەکی گوندی شەناغە هێنایەوە، کە تەنیا یەک پارچە زەوی، کە 60 دۆنمە، بڕیاری راگرتنی لەسەرە و بڕیارەکەش هەڵوەشاوەتەوە، کەچی لە گوندەکە 5000 دۆنم زەوی راگیراوە.
سەرۆک مەسعود بارزانی: رەفتارێکی شۆڤێنیانەیە
سەرۆک مەسعود بارزانی، لەسەر ئازاردانی جووتیارانی کورد بە تایبەتی محەممەد ئەمین هاتە دەنگ.
سەرۆک مەسعود بارزانی لە پەیامێکدا رایگەیاند: "دیمەنی ئازاردانی جووتیارێكی كورد و رەفتاری نابەجێی رێگری لە جووتیارانی كورد كە بچنەوە سەر زەوییەكانیان، دیمەنی ئەنفال و كیمیاباران و جینۆسایدی رۆڵەكانی گەلەكەمان لە سەدەی پێشوو بەبیر دەهێنێتەوە."
سەرۆک مەسعود بارزانی ئەوەی بە "رەفتارێكی شۆڤینیانە و بێویژدانانە" ناوبرد و گوتی: "تەنیا تاوانیان ئەوەیە كوردن و خاوەنی رەسەنی زەوییەكانیانن."
سەرۆک مەسعود بارزانی داوای لە محەممەد شیاع سودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراقی فیدڕاڵ کرد، "رێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەو زوڵمە بكرێت و ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە دەستگیر بكرێن و سزای یاسایی خۆیان وەربگرن."
42 گوند لە سنووری ناحیەی سەرگەڕانە. پێنج گوند کە سەر بە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووکن و کێشەیان لەسەرە بریتین لە گوندەکانی: شەناغە، پەلکانە، سەربەشاخ، گابەرەکە و خەرابە.
بەگوتەی نوێنەری جووتیاران، "لە دوبز زەوییەکان لەدەست عەرەبەکانن و جووتیارانی کورد ناتوانن سکاڵاش تۆماربکەن، سوپاش هیچ قسە ناکات، کەچی لێرە بەم شێوەیە رەفتار دەکات".
پێش یاساکە و لە 08-11-2024ـەوە رێگە نەدەدرا جووتیارانی کورد لە گوندەکانی پەلکانە، شەناغە، سەربەشاخ و گابەرەکە و خەرابە لە ناحیەی سەرگەڕان لە کەرکووک زەوییەکانیان بکێڵن.
نوێنەرێکی کەرکووک: ئەو کارانەی سوپای عێراق نایاسایین
دیلان غەفوور، ئەندامی پەرلەمانی عێراق و نوێنەری کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، "ئەو کارانەی سوپای عێراق دەیانکات بەهیچ شێوەیەک یاسایی نین، ئەوان پشتیان بە بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی بەعسی هەڵوەشاوە بەستووە، لەکاتێکدا بڕیارەکان هەڵوەشێندراوەنەتەوە".
دیلان غەفوور دەڵێت: "راستە هێشتا یاساکە لە رۆژنامەی وەقائیعی عێراقی بڵاونەبووەتەوە، بەڵام دەبێت رەچاوی ئەوە بکرێت، یاساکە لە ژێر جێبەجێکردن دایە و لەمەودا کار بەو یاسا دەکرێت، ئەنجوومەنی وەزیرانیش پابەندە، کە دەبێت رێنمایی بۆ دەربکات".
نوێنەرەکەی کەرکووک رایگەیاند، لەگەڵ فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان و وەزارەتی بەرگری و ئەندامانی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لەسەر هێڵن، بۆ ئەوەی مامەڵەی فیرقەی 8ی سوپای عێراقی بەم شێوەیە نەمێنێت و گوتی: "مامەڵەکەیان شۆڤینیانەیە".
دیلان غەفوور راشیگەیاند، سبەی لەسەر ئەو بابەتە لەگەڵ فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکان کۆدەبنەوە و گفتوگۆیان لەگەڵ دەکەن و یاساکەیان بۆ دەبەن.
دیلان غەفوور، کە نوێنەری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە، پێیوایە یاسای گەڕاندنەوەی موڵک بۆ خاوەنەکانیان، هەرچەندە لە رۆژنامەی فەرمی بڵاونەکراوەتەوە، سەرۆککۆمار پەسندی کردووە و پابەندکەرە. دەشڵێت، دەکرێت بۆ ماوەی هەفتەیەک تاوەکو 10 رۆژی دیکە لە رۆژنامەی وەقائیعی عێراقی بڵاوبکرێتەوە و بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، بۆیە سوپا ئەو ماوەیە دەقۆزنەوە بۆ ئەوەی بەم شێوەیە خراپە مامەڵە لەگەڵ جووتیاران دەکەن.
فەهمی بوورهان: نوکتەی سەدەیە سوپا سکاڵا لەسەر جووتیاران تۆمار دەکات
فەهمی بورهان، سەرۆکی دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە سەرەتای سەرهەڵدانی کێشەکە لەگەڵ نوێنەری جووتیاران لەسەر هێڵ بوون و گفتوگۆیان کردووە و لەسەر داوای جووتیاران هەوڵەکانیان دەستپێکردووە، بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشە بە تایبەتی لەگەڵ فراکسیۆنەکانی یەکێتی و پارتی و پارێزگاری کەرکووک.
فەهمی بورهان دەڵێت، "دەستوەردانی سوپا لە کاروباروی ناوخۆی عێراقدا جێگەی پرسیارە. بەگوێرەی دەستوور رێگەپێدراو نییە، بۆیە داوایان لە هەر دوو فراکسیۆنی یەکێتی و پارتی کردووە کارێک بکەن پۆلیسی ناوخۆیی ئەو کارانە بکەن".
فەهمی بوورهان، باسی هەڵوێستی رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکووکی کرد و گوتی: "تەنیا ئەمڕۆ سێ جار قسەم لەگەڵ پارێزگاری کەرکووک کردووە، دڵنیای کردمەوە، کە لەسەر ئەو کێشانە، نووسراوێکی زۆر جیدی ئاراستەی سەرۆکایەتیی وەزیرانی عێراق کردووە. دڵنیای کردمەوە کە بەجیدی دەیەوێت ئەو کێشەیە چارەسەر بێت و هیچی دیکە رێگە لە جووتیاری کورد و تورکمان نەگیرێت".
فەهمی بوورهان باس لەوەش دەکات "سەرەڕای ئەوەش سوپای عێراق خۆی بە ستەملێکراو دەزانێت و دەڵێت سکاڵا لەسەر جووتیاران تۆمار دەکەین، ئەمە نوکتەی سەدەیە. لەسەر هێڵن و نیگەرانین و بەجیدی هەوڵیشیان داوە و خۆیان بە بەرپرس دەزانن".
گوتەبێژی سوودانی: فەرماندەکانی سوپامان راسپاردووە لێکۆڵینەوە لە هۆکاری گرژییەکان بکەن
بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو، دوای بانگی شێوان، هێزەکانی سوپای عێراق لەسەر زەویی جووتیاران کشاونەتەوە و جووتیارەکانیش بە تراکتۆرەکانیانەوە گەڕاونەتەوە ماڵەوە.
سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەدواداچوونی ورد بۆ ئەو رووداوانەی ئەمڕۆی سنووری کەرکووک دەکەن، فەرماندەکانی سوپایان راسپاردووە کە لێکۆڵینەوە لە هۆکاری روودانی گرژییەکان بکەن.
بە گوتەی سەباح نوعمان "ئێستا دۆخەکە ئارام بووەتەوە و دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان بە راگەیێندراوێک وردەکارییەکان دەخەینەڕوو."
حکومەتی هەرێمی کوردستان: ئەم هەڵسوکەوتانە کۆتایی پێ بهێنرێت
دوای ئەو گرژیانەی گوندی شەناغە، نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و هۆشداری دا کە ئەو هەڵسوکەوتانەی سوپا رەنگە لێکەوتەی نەخوازراوی لێبکەوێتەوە.
لە راگەیێندراوەکەی نووسینگەی مەسرور بارزانیدا هاتووە: "ئەم هەڵسوکەوتانەی سوپای عێراق، پێچەوانەی دەستوور و ئەو بنەمایانەیە کە عێراقی نوێی لەسەر بنیات نراوە، چونکە بەکارهێنانی سوپا بۆ ئەم مەبەستانە، پێچەوانەی یاسا و دەستوورە و پێویستە هەرچی زووتر، ئەم هەڵسوکەوتانە کۆتایی پێ بهێنرێت بەر لەوەی لێکەوتەی نەخوازراوی لێ بکەوێتەوە."
قوباد تاڵەبی: هەنگاوێکی مەترسیدارە
هەروەها قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "هێشتا مانگێک بەسەر پەسندکردنی یاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی بەعسی هەڵوەشاوە تێپەڕ نەبووە کەچی پێچەوانەی دەستوور و یاسا، سوپا بەکاردەهێنرێت لە دژی خاوەنە رەسەنەکانی زەویوزاری سەرگەڕان."
قوباد تاڵەبانی دەڵێت، ئەوان هەمیشە کاریان کردووە و هاندەر بوون بۆ بەهێزکردنی گیانی پێکەوەژیان لە کەرکووک.
جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پێیوایە، "بەکارهێنانی سوپا و رەفتاری لەم شێوەیە هەنگاوێکی مەترسیدارە و بەردەوامیی پێشێلکاری لەم چەشنە داهاتووی پێکەوەژیان دەخاتە مەترسییەوە."
شاخەوان عەبدوڵڵا: قسەم لەگەڵ سوودانی کردووە
شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوە دەکات لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق قسەی کردووە و دۆخی سنوورەکەیان باس کردووە، داوای لێکردووە کۆتایی بەو رێگرییانە بهێنێت.
بەگوتەی شاخەوان عەبدوڵڵا، سەرۆکوەزیرانی عێراق، فەریق عەبدولکەریم سوودانی راوێژکاری سەربازی راسپارد بۆ ئەوەی کۆتایی بەو کێشە و گرفتانە بهێنێت. دواتر خۆیشی قسەی لەگەڵ فەریق عەبدولکەریم کردووە و ئەویش بەڵێنی دا بەپەلە دەستوەردان بکات.
جێگری سەرۆکی پەرلەمان و نوێنەری کەرکووک لە پشکی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە داخە کە ئەمڕۆ پۆستی بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی کەرکووک "درایە پەرلەمانتار وەسفی عاسی و کەسێکی سەر بە ئەو، تەنانەت وەسفی وەزیفیشی لەگەڵ پۆستەکەی ناگونجێت".
شاخەوان عەبدوڵڵا دەڵێت: "هەفتەی رابردوو لەگەڵ کاک رێبوار قسەم کرد و بەڵێنی دا ئەو بابەتە رابگرێت، تەنانەت گوتی ئەو کاندیدەم رەتکردووەتەوە، هەروەها لەگەڵ کاک خالید شوانی قسەم کرد، بەهەمان شێوە بەڵێنی دا رێگە بەو بابەتە نەدەن".
شاخەوان عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوەشکردووە، "بەداخەوە نازانم لەژێر چی گوشارێک ئەمەیان کرد، بەڵام زیانی گەورە بە جووتیارانی ئێمە دەگەیێنێت بەتایبەتی لەکاتی جێبەجێکردنی پڕۆژە یاسای پوچەڵکردنەوەی بڕیارەکانی بەعسی لەنێوچوو".
پارێزگاری کەرکووک: هەوڵی جیدیمان داوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە
رێبوار تەها مستەفا، پارێزگاری کەرکووک، پەیامێکی لەبارەی گرژییەکانی گوندی شەناغە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لهگهڵ دهستبهكاربوونیان ههوڵى جیدییان داوه بۆ چارهسهركردنى، ئهم كێشهیه، کە بە بڕوای ئەو چارهسهرەکەى له حكومهتى ناوهنده.
رێبوار تەها مستەفا، پارێزگاری کەرکووک گوتی: "ههفتهى رابردوو له بهغدا بووم و نووسراوى فهرمیمان ئاراستهى نووسینگەی سهرۆكوهزیرانى عیراق كرد، بۆ جیاكردنهوهى ئهو زهوییانهى كه بڕیارى دادگایان لهسهر نییه، تاوەکو جووتیاران بتوانن كشتوكاڵى خۆیان بكهن و ههموو ههنگاوهكان به ئاراستهى چارهسهركردن بوون".
پارێزگاری کەرکووک لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بە پەسندکردنی یاسای گەڕاندنەوەی موڵک بۆ خاوەنەکانیان کردووە و دەڵێت: "بۆ جێبهجێكردنیشى چاوهڕوانى رێنماییهكانى حكومهتى ناوهندیین."
رێبوار تەها دڵنیایی دایە جووتیارانى سنووری سەرگەڕان کە لەگهڵ چارهسهركردنى كێشهكانیانن، بهڵام داوای کرد دهرفهتی پێ بدهن لهڕێگاى دامهزراوه یاسایی و فهرمییهكانهوه بهو ئامانجه بگهن.
پارێزگاری کەرکووک دەڵێت: "ههر لهپێناو چارهسهركردنى كێشهى زهویوزار، بهر له دوو ههفته بڕیارمان دا گرێبهست بكرێت بۆ ههموو زهوییه كشتوكاڵییهكانى سنوورى تۆپزاوا و یایچى و تركهڵان كه ماوهى حهوت ساڵ كێشهیان ههبوو، بۆیه له سنوورى سهرگهڕانیش ههنگاومان بۆ چارهسهركردنى كێشهكان ناوه."
بە گوتەی پارێزگاری کەرکووک ئهو سهربازانهشى كه ئهمڕۆ له گوندى شهناغه پهلامارى جووتیارانى كوردیان دا، دهستبهسهركراون و لیژنهى لێكۆڵینهوهیان لهسهر پێكهێنرا و لایهنه پهیوهندیدارهكانیشیان ئاراسته كرد بۆ كشانهوهى هێزه سهربازییهكان لهو سنووره.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ