کوردستان
چاودێریکردنی مانگ بۆ دیاریکردنی یەکەم رۆژی مانگی رەمەزان لە ساڵی 2023. وێنەکە بۆ روونکردنەوەی زیاتری هەواڵەکەیە: هەرێم عەلی - رووداو/ئەرشیڤ
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان یەکەم رۆژی مانگی رەمەزانی دیاریکرد و رایگەیاند، رۆژی چوارشەممە 18ی شوبات یەکەم رۆژی مانگی رەمەزانە.
لیژنەی باڵای بینینی مانگ لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "ئەمڕۆ سێشەممە 29ی شەعبانی 1447ی کۆچی، بەرامبەر 17-02-2026 بە هەماهەنگی لەگەڵ لیژنە لاوەکییەکان لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان، بە مەبەستی دیاریکردنی یەکەم رۆژی مانگی رەمەزانی پیرۆز کۆبوونەوە. بە پشتبەستن بە بەڵگەکان دەرکەوت کە مانگ لە ئاسمانی هەرێمی کوردستان بینراوە."
وەزارەتی ئەوقاف ئاماژەی بەوەش کردووە، "بۆیە لیژنەی باڵای بینینی مانگ رایدەگەیێنێت، رۆژی چوارشەممە 18-02-2026 یەکەم رۆژی مانگی رەمەزانی پیرۆز دەبێت لە هەرێمی کوردستان."
هەروەها وەزارەتەکە پیرۆزبایی لە موسڵمانان کردووە بەبۆنەی هاتنی مانگی رەمەزان.
هەروەها دیوانی وەقفی سوننەش لە عێراق سبەی چوارشەممە 18-02-2026ی وەکو یەکەم رۆژی مانگی رەمەزان دیاریکرد.

کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ