لە عەلوەی هەولێر بازاڕی خورما گەرمە و کێبڕکێ لەنێوان 30 جۆری دەستیپێکردووە

17-02-2026
مصطفى گوران
بازاڕی خورما لە هەولێر گەرمە
بازاڕی خورما لە هەولێر گەرمە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لەگەڵ نزیکبوونەوەی مانگی پیرۆزی رەمەزان، عەلوەی هەولێر رەنگ و بۆیەکی دیکەی گرتووە. خورما بووەتە پاشای بازاڕ و کێبڕکێ لە نێوان زیاتر لە 30 جۆری جیاوازدا دەستیپێکردووە؛ لە عەجوەی مەدینەوە تا خورمای شەکرەی سعوودی و زەبدی عێراقی، هەر یەکەیان و کڕیاری تایبەت بە خۆیان هەیە.
 
عەلی عیزەدین، خورمافرۆشێکە لە بازاڕی هەولێر و دەڵێ: "نزیکەی 30 بۆ 40 جۆر خورمان لایە، بەناوبانگترینیان عەجوە، سەفاوی، مەبروم و فەلەستینییە. چاودێریی بازاڕ زۆر باشە و لیژنەکان بەردەوام سەردانمان دەکەن. گرانترین خورما لای ئێمە فەلەستینییە کە کیلۆی 19 هەزار دینارە و هەرزانترینیشیان عێراقییە کە تەنیا بە دوو هەزار دینارە."
 
سەرەڕای ئەو هەموو جۆرە هاوردەیەی لە ئیمارات، سعوودیە و فەلەستینەوە دەگەنە هەولێر، بەڵام هێشتا بەشێک لە دووکانەکان تەنیا سوورن لەسەر فرۆشتنی بەرهەمی ناوخۆ، چونکە دەڵێن کڕیار یەکەم پرسیاری ئەوەیە: "ئایا عێراقییە؟"
 
ئێستا لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان، دەیان جۆری خورمای ناوخۆ و هاوردە نمایشکراون، بەڵام وەک دەبینرێت، هێشتا سادەیی و تامی خورمای عێراقی لای زۆربەی هاونیشتمانییان لە پێش هەموو جۆرە نایابەکانی جیهانەوەیە.
 
هاونیشتمانییان بۆ دەستکەوتنی باشترین و فرێشترین جۆر، روو لە عەلوە دەکەن. چنار خان کە بۆ کڕینی خورمای کـولیچە چووەتە عەلوەکە و دەڵێت تەنیا خورمای عێراقی شک دەبات.
 
چنار خان، هاونیشتمانیی هەولێرە و سەرقاڵی هەویرکارییە: "هاتووم خورما بکڕم بۆ کولیچەی رەمەزان. من هەمیشە خورمای عێراقی دەکڕم، چونکە کڕیارەکانم هەمیشە دەپرسن ئایا خورماکە عێراقییە یان نا، تامی ئەوە زۆر جیاوازە."
 
بۆ هەندێک خێزانیش، خورما تەنیا بۆ سەر خوان نییە، بەڵکو بەشێکی سەرەکییە لە کولتووری بەربانگکردنەوە.
 
محەممەد سەید رەشید، هاونیشتمانییە و دەڵێت: "یەکەم داواکاریی ماڵەوە لێم ئەوە بوو خورما بکڕم. ئێمە لە مانگی رەمەزاندا نزیکەی 13 کیلۆ خورما دەخۆین. هەمیشە هەوڵ دەدەین جۆرە پاک و خاوێنەکەی بدۆزینەوە و زۆر دەگەڕێین تا دڵنیابینەوە."
 
بەڵام لە پشت ئەم بووژانەوەیە، مەترسییەکیش هەیە. هەندێک لە کاسبکاران هۆشداری دەدەن لە ساخکردنەوەی خورمای کۆن و ماوەبەسەرچوو لەژێر ناوی بەرهەمی نوێدا.
 
مام کەمال، کاسبکارێکی هەولێرە: "پێویستە هاووڵاتییان زۆر چاوکراوە بن، چونکە لەم کاتانەدا هەندێک بازرگان خورمای کۆن دەهێننە بازاڕ، داواکارین لایەنە پەیوەندیدارەکان چاودێرییەکانیان تووندتر بکەن."
 
بەپێی ئامارە نافەرمییەکان، لە مانگی رەمەزاندا فرۆشی خورما 80٪ بەرز دەبێتەوە و رۆژانە نزیکەی 160 تۆن لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان ساخدەکرێتەوە. ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە چەندە تامی خورما لەگەڵ تامی رەمەزاندا تێکەڵ بووە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی کەنەکە

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان: دەبێت زمانی کوردی لە دەستووری سووریادا جێگیر بکرێت

لیژنەی زمان، کولتوور و پەروەردەی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (KNK) بە بۆنەی رۆژی جیهانیی زمانی دایک کە هاوکاتە لەگەڵ 21ـی شوبات، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێ، پاراستنی زمانی کوردی بە هەموو زاراوەکانییەوە تەنیا پرسێکی ئەکادیمی نییە، بەڵکو پرسێکی نیشتمانی و مان و نەمانە