رووداو دیجیتاڵ
سەرەڕای ئاگربەستی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، هێرشەکان بە درۆن و مووشەک بۆ سەر هەرێمی کوردستان بەردەوامن. لە دوای ئاگربەستەوە هەرێمی کوردستان بە 37 درۆن و مووشەک بۆردوومان کراوە، بەهۆیانەوە چوار پێشمەرگە و هاونیشتمانییەکی رۆژهەڵاتی کوردستان شەهید بوون و نۆی دیکەش بریندار بوون.
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، لە 28ـی شوباتەوە تاوەکو ئەمڕۆ هەرێمی کوردستان بە 740 درۆن و مووشەک بۆردوومان کراوە، لە ئەنجامیاندا 21 کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 100 کەسیش بریندار بوون..
نوێترین هێرشەکان
- کاژێر 22:45ـی شەوی پێنجشەممە 23ـی نیسان، بە سێ درۆن بارەگایەکی پارتی ئازادیی کوردستان لە سنووری پارێزگای هەولێر بۆردوومان کرا. بەهۆیەوە سێ پێشمەرگەی ئەو حیزبە بریندار بوون.
- شەوی پێنجشەممە، دوو درۆن لە سنووری ناحیەکانی باسرمە و رزگاری لە پارێزگای هەولێر کەوتنە خوارەوە.
- نزیک کاژێر 01:30ـی نیوەڕۆی چوارشەممە 22ـی نیسان، بە دوو درۆن هێرش کرایە سەر کەمپی سوورداش لە پارێزگای سلێمانی. ئەمجەد حوسێن پەناهی، ئەندامی سەرکردایەتی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هێرشەکان زیانی گیانییان نەبووە".
- کاژێر 01:24ـی بەرەبەیانی 22ـی نیسان، بە چوار درۆن بارەگایەکی پارتی ئازادیی کوردستان (پاک) لە سنووری پارێزگای هەولێر بۆدوومان کرا. حیزبەکە رایگەیاند، پێنج پێشمەرگەیان بریندار بوون.
- شەوی چوارشەممە درۆنێک لە لە نزیک ناوچەی بەرزێوە لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە پارێزگای هەولێر لەلایەن فڕۆکەی جەنگیی هاوپەیمانانەوە تێکشکێندرا.
نوێترین ئاماری هێرشەکان بەگوێرەی پارێزگاکان:
- پارێزگای هەولێر: 590 درۆن و مووشەک
- پارێزگای سلێمانی 122 درۆن و مووشەک
- پارێزگای دهۆک: 26 درۆن و مووشەک
- پارێزگای هەڵەبجە: 2 درۆن
زیانی هێرشەکان
بەگوێرەی ئامارەکان، لە ئەنجامی هێرشەکان لە 28ی شوباتەوە 21 کەس گیانیان لەدەستداوە و 104 کەسیش بریندار بوون.
ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە، حەوتیان پێشمەرگەی فەرماندەیی دەڤەری یەک بوون لە سنووری خەلیفان لە پارێزگای هەولێر شەهید بوون، یەکێکیان کارمەندێکی ئاسایش بوو لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر شەهید بوو، دووانیان هاوژینی یەکبوون و لە ماڵەکەیاندا شەهید کران؛ نۆیان پێشمەرگەی سێ حیزبی رۆژهەڵاتی کوردستان بوون و یەکێکیشیان کوڕی پێشمەرگەیەکی رۆژهەڵاتی کوردستان بوو، بەگشتی چواریان لە هەولێر و سێیان لە سنووری پارێزگای سلێمانی و دووانەکەی دیکەش لە سنووری باشیک لە دەشتی نەینەوا شەهید بوون، هەروەها 12ـی ئادار سەربازێکی فەرەنسا لە هەولێر گیانی لەدەستدا.
بە گوێرەی ئاماری کۆکراوەی رووداو، بەشێکی بریندارەکان بریتین لە 30ـی پێشمەرگەی فەرماندەیی دەڤەری یەک لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، سێ کارمەندی ئاسایش لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، هەروەها سێ پێشمەرگە، دوو پاسەوانی تایبەت لە بارەگای پێشووی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سلێمانی، پاسەوانێکی هۆتێل تایتانیک لە سلێمانی، هەروەها دوو کارمەندی بەرگریی شارستانیی خەلیفان و دوو پێشمەرگە لە هێزەکانی 70ـی پێشمەرگە و یەک پۆلیس هەن.
هەر لەنێو بریندارەکان 18 سڤیل هەن. یەکێکیان ماتۆڕسواری دیلیڤەری بوو لە هەولێر، یەک بریندار لە کەمپی باجد کەنداڵ لە زاخۆ، پەرستارێک لە کەمپی ئازادی لە کۆیە، سێ سڤیلی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان لە کەمپی زەوی سپی لە کۆیە و یەک منداڵیش لە گەڕەکی قالاوە لە سلێمانی، هەروەها دوو هاونیشتمانی لە کەمپی جەژنیکانی سنووری هەولێر و چوار هاونیشتمانی لە گەڕەکێکی هەولێر بریندار بوون؛ هەروەها دوو قوتابی لە سنووری قەزای خەبات لە پارێزگای هەولێر بریندار بوون و 31ـی ئادار سێ مێردمنداڵی دیکە لە هەولێر بریندار بوون.
بریندارەکانی دیکە پێشمەرگەی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و پێنج سەربازی فەرەنسی بوون لە هەولێر.
ئەو ناوچانەی هێرش کراوەتە سەریان
هەولێر
درۆن و مووشەک لەم ناوچە و گەڕەکانە کەوتووەتە خوارەوە: سیدەکان، دۆڵی ئالانە، دۆڵی مەلەکان، هەریر، کانی قرژاڵە، بالیسان، خەبات، ناحیەی رزگاری، سپیلک، مەلا قەرە، کارێزان، کەمپی زەوی سپی، کەمپی جەژنیکان، کانی قرژاڵە، دریم سیتی، کەسنەزان، پیرزین، فەرمانبەران، سێبیران، رۆشنبیری، ژیان، کوردستان، نەورۆز، نووسەران، هەڤاڵان، کارێزان، گوندی کۆری، گەزنە، بەحرکە، عەنکاوە، خەلیفان، فڕۆکەخانەی هەولێر و دەوروبەری، دێگەڵە، کەمپی ئازادی، چۆمان، سۆران و بارەگای یەکەکانی پێشمەرگە.
سلێمانی
سلێمانی، چیای گوڵان، ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین، گوندی شێخ وەیساوا، گردی ریعایە، مێرگەپان، قالاوە، گەڕەکی بەرانان، شەقامی 60 مەتری، گوندی زڕگوێز، گوندی زڕگوێزەڵە، ناحیەی سوورداش، قەزای كفری، هێزەکانی 70ـی پێشمەرگە، گەڕەکی تاسڵوجە، چیای زمناکۆ و بارگەی یەکەکانی پێشمەرگە.
دهۆک و هەڵەبجە
کێڵگەی نەوتی سەرسنگ، کەمپی باجد کەنداڵ، سنووری ئاکرێ، سنووری ناحیەی بجیل، سنووری قەزای بەردەڕەش و گەڕەکی ماڵتا لە شارەکە. هەروەها سێ درۆنی دیکە لە کێڵگەی نەوتی چەمانکێ کەوتنە خوارەوە و لە سنووری ئامێدیش 3 درۆن کەوتوونەتە خوارەوە.
هەروەها پارێزگای هەڵەبجە و چیای شنروێ لەو شوێنانە بوون کە لە یەک هێرشدا بە دوو درۆن بۆردوومان کران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ