مانگی سووری کوردی: لە کۆبانێ دەرمان تەنیا بۆ 3 رۆژ ماوە و شیری منداڵان نەماوە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
دەرمانخانەیەکی کۆبانێ بەتاڵە لە دەرمان
دەرمانخانەیەکی کۆبانێ بەتاڵە لە دەرمان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسی تیمە گەڕۆکەکانی مانگی سووری کوردی لە کۆبانی، هۆشدارییەکی تووند دەدات و رایدەگەیێنێت، تاوەکو ئێستا هیچ دەرمانێک نەگەیشتووەتە نێو شارەکە و کۆگاکانیان بەرەو خاڵیبوون دەچن.
 
شادیە ئەحمەد، بەرپرسی تیمە گەڕۆکەکانی مانگی سووری کوردی لە کۆبانێ، لە کاتی بەشداریکردنی لە بوڵتەنی (نوورۆژ)ی رووداو، کە نالین حەسەن پێشکێشی دەکات، باسی لە رەوشی مرۆیی و تەندروستیی کۆبانێ کرد. شادیە ئاماژەی بەوە کرد، کە تیمە گەڕۆکەکانیان سێ رۆژە دەستیان بە کارەکانیان کردووە و رۆژانە سەردانی ئەو قوتابخانانە دەکەن، کە ئاوارەکانی تێدا نیشتەجێکراون.
 
بەگوتەی شادیە ئەحمەد، ئاوارەکانی کۆبانی بەسەر 25 قوتابخانە و 7 مزگەوتدا دابەشکراون. لە نێو سەنتەری شاری کۆبانیش 8 قوتابخانە بۆ ئاوارەکان تەرخانکراون؛ لە هەر قوتابخانەیەکدا نزیکەی ٥٠ خێزان (کە دەگاتە نزیکەی 180کەس) دەژین. ناوبراو تیشکی خستە سەر رەوشی سەختی ئاوارەکان و گوتی: "تاوەکو ئێستا ژمارەیەکی زۆری ئاوارەکان سۆپایان دانەناوە و لە نێو سەرمایەکی سەختدا دەژین."
 
نەخۆشی لەنێو منداڵاندا زیاد دەکات
 
بەهۆی خراپیی بارودۆخی ژیان، نەخۆشی لەنێو ئاوارەکاندا بڵاوبووەتەوە. بەرپرسی تیمە گەڕۆکەکانی مانگی سوور ئاماژەی بەوە کرد، تەنیا لە یەک قوتابخانەدا 42 منداڵیان چارەسەر کردووە، کە 30 یان تووشی سکچوون بوون، ئەوەش بەهۆی خواردنەوەی ئاوی پیس. هەروەها جەختی کردەوە، ژمارەی نەخۆشەکان لەنێو قوتابخانەکاندا زۆر زیادی کردووە.
 
شادیە ئەحمەد هۆشداریی دا و گوتی: "تەنیا سێ رۆژی دیکە دەرمان لە کۆگاکانماندا دەمێنێت. ئەگەر دەرمان نەگات، تەنانەت ئەمبوڵانسەکانیشمان لە کار دەکەون." هەروەها ئاشکرای کرد، ئێستا لە دەرمانخانەکانی شارەکەدا شیری منداڵان بەتەواوی نەماوە و قەیرانێکی گەورە دروست بووە.
 
پێداویستییە بەپەلەکان
 
مانگی سووریی کوردی بانگەوازێکی بەپەلەی کرد، هەموو جۆرە دەرمانێک بۆ شارەکە پێویستە، بەتایبەتی دەرمانی نەخۆشییە درێژخایەنەکانی وەک: شەکرە، تالاسیمیا و شێرپەنجە.
 
تاوەکو ئێستا هیچ رێڕۆیێکی مرۆیی بۆ گەیاندنی دەرمان و هاوکارییە پزیشکییەکان بۆ نێو کۆبانێ نەکراوەتەوە، ئەمەش ژیانی هەزاران ئاوارە و نەخۆش دەخاتە مەترسییەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ژنەکە دەڵێت، سێ ملیۆن دیناری لێ خوراوە

بازرگانیکردن بە فرمێسکی هەژاران؛ ژنێک خاوەن کەناڵێک بە خواردنی پارەی هاوکارییەکانی تۆمەتبار دەکات

ژنێکی هەژار کە لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیی ناوخۆیی لە رەمەزانی رابردوو دا دەرکەوتووە، خاوەنی کەناڵەکە تۆمەتبار دەکات بەوەی بەشێک لەو کۆمەکە داراییانەی بردووە کە بۆی هاتوون. خاوەنی کەناڵەکەش دەڵێت: "ئەگەر بەڵگەیان هەبێت سەرم لە موو باریکترە".