کوردستان
نزا و پاڕانەوەی موسڵمانان لە شەوانی رەمەزان لە مزگەوتێکی شاری هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر- ئەرشیفی رووداو
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ چاودێریی بینی مانگ دەکرێت بۆ دیاریکردنی یەکەم رۆژی مانگی رەمەزان. وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا ژمارەیەک رێنمایی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "دەبێت گوتاری عەسران بە بڵندگۆی نێوخۆیی مزگەوت بێت و دەنگەکەی نەدرێتە دەرەوە".
لە راگەیێندراوەکەدا وەزارەتی ئەوقاف ئاماژەی بەوە کردووە، گوتارەکانی دوای نوێژی عەسر دەبێ لەلایەن گوتاربێژانی مزگەوتەکانەوە بێت و باس پەروەردە و هۆشیاریی بکەن.
نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئێوارەی ئەمڕۆ بە سەرپەرشتی لیژنەی باڵای بینینی مانگ لە وەزارەت، لە سەنتەری پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانەوە چاودێری بینینی مانگ دەکرێ، مانگ ببینرێت سبەی دەکرێتە رەمەزان و نەبیندرێت پێنجشەممە یەکەم رۆژی مانگی پیرۆزی رەمەزان دەبێت".
وەزارەتی ئەوقاف رایگەیاندووە، تەنیا 10 رۆژی کۆتایی رەمەزان شەوان دەرگای مزگەوتەکان تاوەکو نوێژی بەیانی کراوە دەبن. ئاماژەی بەوەشکردووە، "پێویستە چێشتخانە و کافتریا و دووکان و بازاڕەکان رەچاوی حورمەتی ئەم مانگە پیرۆزە بگرن و هەستی رۆژووەوان بپارێزن".
دەقی رێنماییەکان لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی ئەوقاف:
- دیاریکردنی یەکەم رۆژ و کۆتا رۆژی مانگی رەمەزان تەنیا لە دەسەڵاتی لیژنەی باڵای بینینی مانگە لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی دەبێت.
- پابەندبوونی تەواو بە ئیمساکییە و خشتەی کاتی بانگدان لە سەرجەم مزگەوتەکانی هەرێمی کوردستان و سەرجەم دەزگاکانی راگەیاندن (بینراو و بیستراو).
- گوتارەکانی دوای عەسر بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی گشتیی رۆژووەوان لە (20) خولەک زیاتر نەبێت. تەنیا لەلایەن مامۆستای مزگەوتەوە پێشکەش بکرێت بە بەکارهێنانی مایکرۆفۆنی ناوخۆیی مزگەوت، لەم گوتارانە مامۆستای مزگەوت تیشک دەخاتە سەر بابەتەکانی ئەحکام، عیبادات و بابەتی پەروەردەیی هۆشیاری هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان + کارتێکەرە ئەقڵییەکان و پێکەوەژیان.
- ماوەی نێوان ئیمساک و بانگدانی بەیانی بەپێی خشتەی ئیمساکییەی پارێزگاکەوە دەبێت، کە بە هیچ شێوەیەک نابێت بە پێچەوانەوە کار بکات.
- تەنیا لە 10 شەوی کۆتاییەکانی مانگی رەمەزانی پیرۆز دەرگای مزگەوتەکان کراوە دەبن تاکو نوێژی بەیانی بە مەرجی رەزامەندی پێشنوێژ و گوتارخوێنی مزگەوت.
- تەنیا پێشنوێژ و گوتارخوێنی فەرمیی مزگەوت بۆی هەیە مەراسیمە ئایینییەکان و تەراویح بەتایبەتی ئەنجام بدات، لەکاتی پێویست ئاگاداری بەڕێوەبەرایەتیی ئەوقافی سنوورەکەی بکاتەوە، بەپێچەوانەوە هیچ کەسێک بۆی نییە چالاکی ئەنجام بدات.
- پابەندبوونی تەواو بە فەتوای دیاریکردنی نیسابی زەکات و بڕی سەرفیترە و فیدیە، کە لەلایەن ئەنجومەنی باڵای فەتوای یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستانەوە دیاری دەکرێت.
- بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان و بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئەوقاف چاودێری جێبەجێکردنی ئەم رێنماییانە دەکەن.
- پەیوەستبوون بە بانگی رێکخراو لەو شوێنانەی کە پڕۆژەی بانگی تێدا جێبەجێ کراوە، جەختکردنەوە لەسەر پابەندبوون بە (سیستەمی یەکخستنی بانگدان) لەو مزگەوتانەی کە پڕۆژەی تێدا جێبەجێ کراوە.
رێنماییە کارگێڕییەکان:
- پێویستە چێشتخانە و کافتریا و دووکان و بازاڕەکان رەچاوی حورمەتی ئەم مانگە پیرۆزە بگرن و هەستی رۆژووەوان بپارێزن.
- لەم مانگە پیرۆزەدا هیچ جۆرە خواردن و خواردنەوەیەک لە دامودەزگا فەرمییەکان پێشکەش ناکرێت.
- پێویستە گشت کەناڵەکانی راگەیاندن تایبەتمەندی و پیرۆزیی ئەم مانگە لەبەرچاو بگرن، شتێک بڵاونەکەنەوە کە لەگەڵ گەورەیی و پیرۆزیی ئەم مانگە نەگونجێت.
- رێنمایی تایبەت بە مزگەوت و مامۆستایانی ئایینی لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی دەرچووە، پێویستە هاوکاری جێبەجێکردنی و پراکتیزەکردنی ناوەڕۆکی بدرێت.
- هەر مەراسیمێکی تایبەت بەم یادەوە ئەنجام بدرێت لە سەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان و قەزا و ناحیەکان، پێویستە لەژێر چاودێری وەزارەتی ئەوقاف یان بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان/بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئەوقاف بێت.
- داواکارین لایەنە پەیوەندیدارەکان لە پارێزگا و یەکە ئیدارییە سەربەخۆکان سەرپەرشتی و بەدواداچوونی جێبەجێکردنی ئەم رێنماییانە بکەن.
- سەرجەم کەناڵەکانی راگەیاندن بەرپرسن لە هەر هەوڵێکی نادروست سەبارەت بە راگەیاندنی یەکەم رۆژ و کۆتا رۆژی مانگی رەمەزانی پیرۆز.
- لەکاتی پێشکەشکردنی بابەتی ئایینی دەبێ کەسانی پسپۆڕ لە بواری ئایینی و مامۆستایانی ئایینی کە بە فەرمی کار دەکەن میوانداری بکرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ